پەكەكە ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی ئاشكرا كرد كە لە سیدەكان شەهید كرا

13-08-2020 08:02
عەگید گارزان لەگەڵ موراد قەرەیلان

پەرەگراف

هێزەكانی پاراستنی گەل(هەپەگە-باڵی سەربازیی پەكەكە) ناسنامەی ئەو فەرماندەیەی گەریلای ئاشكرا كرد كە لە هێرشەكەی توركیا لە سیدەكان لەگەڵ دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوری عێراق شەهید كران.

ئەو فەرماندەیەی هەپەگە بە ناوی موراد كالكۆ (نازناو: عەگید گارزان) خەڵكی قارسی باكوری كوردستانەو لە 1993 پەیوەندیی بە گەریلاوە كردووەو یەكێك لە فەرماندەكانی هەرێمی خواكوڕكی پەكەكە بووە.

عەگید گارزان 11ی ئەم مانگە لەگەڵ بەرپرسانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سیدەكان چاوپێكەوتنی ئەنجامدا، "لە ئەنجامی هێرشەكەی دەوڵەتی داگیركەری توركدا كە هێزەكانی عێراقی بە ئامانج گرتبوو، شەهید بووە".

ئەو ڕۆژە فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی ئۆتۆمبێلێكی پاسەوانی سنوری عێراقیان كرد، بۆردومانەكە سێ شەھیدی لێكەوتەوە، ئەوانیش؛ عەمید محەمەد ڕەشید، فەرماندەی لیوای 2ی پاسەوانی سنور و عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی فەوجی 3ی پاسەوانی سنور لەگەڵ ئەو فەرماندەیەی پەكەكە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان ئەوكات(11-8-2020) بە پەرەگرافی وت "كاتژمێر ٣:٤٥ لە مێرگەمیر لە ناحیەی سیدەكان، ئۆتۆمبێلێكی پاسەوانیسنووری عێراق كراوەتە ئامانج و ژمارەیەك شەھیدو بریندار ھەن بە پلەی عەمیدو عەقید".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان ئەوەشی خستەڕوو، بۆردومانەكەی توركیا یەك ئۆتۆمبێلی كردووەتە ئامانج لەناو قافڵەیەكی ئۆتۆمبێلی سەربازیی پاسەوانی سنووری عێراق.

لە وەڵامی ئەوەی بۆردومانەكە لەكاتی كۆبوونەوەی سوپای عێراق و پەكەكەدا بووە؟ ئیحسان چەلەبی وتی "لە كاتی ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێلەكاندابووە نەك لە كۆبوونەوەدا. نازانین بۆ كۆبوونەوە چوون یان نا، چونكە پاسەوانی سنور دوو ڕۆژە سەرقاڵی دانانی بنكەی سەربازین لەناوچەكە".

توركیا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2020ـەوە، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەستپێكردووە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی پەكەكە لەناو خاكیهەرێم، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك وگەریلاكانی پەكەكەدا بەردەوامە.

ئەمە یەكەمجارە فەرماندەیەكی باڵای عێراق لەلایەن توركیاوە شەھید بكرێت لە چوارچێوەی ھێرشەكانی بۆسەر پەكەكە، لە زۆربەی هێرش وبۆردومانەكانی توركیادا خەڵكی مەدەنیی دەبنە قوربانی و دوایینجار 26ی مانگی ڕابردوو دوو هاوڵاتی لە بامەڕنێ شەهید بوون، پێشتریشلە 19ی حوزەیران لە شیلادزێ چوار هاوڵاتی شەهید بون، لە ناوچەكانی تری بادینان، سلێمانی، مەخمور، زینی وەرتێ و قەندیل دەیانهاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی توركیاوە شەهید و برینداربون.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ "سەركۆنەی شەهیدكردن و زیان گەیاندن بە ھاووڵاتییان"، ڕووی دەمی كردۆتەوە توركیا و پەكەكە، بەیەك ئاست داوایان لێدەكات پشێوی نەهێننە خاكی هەرێمەوە.