وەزارەتی دارایی هەرێم: 305 ملیار دینار كورتهێنان بۆ مووچەی مانگی نۆ هەیە

08-10-2024 02:15

پەرەگراف

دوای ناردنی گوژمەیەكی دیكەی مووچەی مانگی نۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، وەزارەتی ‏دارایی هەرێم دەڵێت "305 ملیار دینار كورتهێنان هەیە و بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی نۆ ‏چاوەڕوانی ناردنی تەواوكاریی مووچەین".‏

بەپێی ڕاگەیەنداوی وەزارەتی دارایی هەرێم،‎ ‎ڕۆژی دووشەممە 7-10-2024، بڕی زیاتر لە 329 ‏ملیار دینار وەك شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەكان خرایە سەر هەژماری ‏بانكیی وەزارەتی دارایی، هەروەها بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی 361 ملیار ‏دینارە، بەوەش كۆی گشتی 690 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی نۆ لەبەردەستدایە.‏

وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت "چاوەڕوانین لە نزیكترین كاتدا گوژمەی تەواوكاری بۆ مووچەی ‏مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە خەرج بكرێت، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ‏دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بكەین".‏

باسكردن لە كورتهێنان بۆ مووچەی مانگی نۆ، لەكاتێكدایە كە وەزارەتی دارایی عێراق جگە لەو ‏‏329 ملیار دینارەی دوێنێ‌، هەفتەی ڕابردوویش 598 ملیار دیناری دیكەی بۆ مووچەی مانگی نۆ ‏ناردووە، بەڵام هەرێم كورتهێنانی مووچەی مانگی هەشتی پێ‌ پڕ كردووەتەوە.‏

ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمەوە:‏

دوای سەردانی شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان، لەدوو هەفتەی ‏ڕابردوودا بۆ شاری بەغداد و كۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی ‏عێراق، بەشی زۆری كێشە تەكنیكیەكانی لیستی مووچە چارەسەر كرا و بڕیاردرا بەخەرجكردنی ‏هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی مووچەی مانگەكانی ڕابردوو ڕاگیرابوون‎. ‎

‎ ‎‏١‏‎- ‎ڕۆژی دوو شەممە ( ٢٠٢٤/١٠/٧ ) بڕی (٣٢٩،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و بیست و نۆ ‏ملیار و سێسەد و نەوەد و دوو ملیۆن دینار وەك شایستەی مووچەی مانگی ئەیلولی هێزە ‏ئەمنییەكان خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانكی ‏ناوەندی عێراق‎. ‎

‎ ‎‏٢‏‎- ‎بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دوای پڕكردنەوەی ‏كورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە ( ٣٦١،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠ ) سێسەد و شەست و یەك ‏ملیار دینار‎. ‎

‎ ‎‏٣‏‎- ‎كۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستانە بۆ مووچەی ‏مانگی ئەیلوول بریتییە لە ( ٦٩٠،٣٩٢،٠٠٠،٠٠٠ ) شەش سەد و نەوەد ملیار و سێ سەدو ‏نەوەدو دوو ملیۆن دینار بەوەش نزیكەی( ٣٠٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سێسەد و پێنج ملیار دینار ‏كورتهێنان بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە‎. ‎

‏٤‏‎- ‎لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێكتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە بە ‏شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دراوە لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ‏ئەو لێبڕینانە خەرج بكرێت كە لە مووچەی مانگەكانی ڕابردوو بڕدرابوو، تا بتوانرێت كورتهێنانی ‏مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بكرێتەوە‎. ‎

‏٥‏‎- ‎لەمانگی تەمووزەوە كە مووچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای عێراق كراوە، ئەو تەمویلەی كە ‏بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەكەی مانگانە نزیكەی ( ٤٥،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) چل و ‏پێنج ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین كراوە، سەرەڕای ‏پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغداد و ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە بەڵام ‏هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێك بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان ‏خەرج نەكراوە‎. ‎

‏٦‏‎- ‎زیاتر لە مانگێكە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانكراوی خەرجی بەكاربردنەوە ‏بۆ بڕگەی تەرخانكراوی چاودێری كۆمەڵایەتی و خانەنشین لەپشكی هەرێمی كوردستان لەوەزارەتی ‏دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانكراوی دارایی بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر ‏بكرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە كاری لەسەر نەكراوە‎. ‎

وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری چاوەڕوانین لەنزیكترین كاتدا گوژمەی تەواوكاری بۆ مووچەی ‏مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە خەرج بكرێت بۆ ئەوەی راستەوخۆ ‏دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بكەین‎. ‎

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان. ‏‏٢٠٢٤/١٠/٨‏