کۆمسیۆن: بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو بیرۆکانە لەخۆنەگرێت کە هاندەرن بۆ توندوتیژی، ڕقوکینە و سووکایەتیکردن

10-10-2024 10:45

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواوکراون و بە هەمان دووری لە هەمووان وەستاون، داواش دەکات هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان، ئەو بیرۆکانە لەخۆنەگرێت کە هاندەرن بۆ توندوتیژی، رقوکینە، یان سووکایەتیکردن یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی تر و حزبە کێبڕکێکارەکان.

هەروەها کۆمسیۆن داوا دەکات کە رێگا یاساییەکان بگیرێنەبەر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و تانەدان و دوورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوەی نێوان کێبڕکێکاران، "بەپێی ئەو پەیڕەو و میکانیزمانەی کۆمیسیۆن دایناون و بەوپەڕی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە سەیری ئەو سكاڵا و تانانە دەکرێن کە پێشکەشکراون".

دەقی بەیاننامەی کۆمسیۆن

بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان زۆربەی بڕگەکانی خشتەی زەمەنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی (خولی شەشەم) تەواوکرد، هەروەها هاوشان لەگەڵ بەرەبەرە نزیکبوونەوە لە رۆژی دەنگدان لە ٢٠/١٠/٢٠٢٤، کۆمیسیۆن داوا لە حزبە سیاسییەکان، هاوپەیمانییەکان و پاڵێوراوانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەکات کە پاڵپشتی کارەکانی کۆمیسیۆن بکەن و بەشداربن لە سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان، ئەمەش، لە رێگای پابەندبوون بە رێساکانی رەفتاری هەڵبژاردن و مەرج و بنەماکانی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن کە کۆمیسیۆن دایناون بەگوێرەی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٣.

کۆمیسیۆن هیواخوازە کە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن، تا رۆژی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان، ئەو بیرۆکانە لەخۆنەگرێت کە هاندەرن بۆ توندوتیژی، رقوکینە، یان سووکایەتیکردن یان زیانگەیاندن بە کاندیدەکانی تر و حزبە کێبڕکێکارەکان، لە هەمان کاتدا داوادەکات کە رێگا یاساییەکان بگیرێنەبەر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و تانەدان و دوورکەوتنەوە لە کار و کاردانەوەی نێوان کێبڕکێکاران، هەروەها، بەپێی ئەو پەیڕەو و میکانیزمانەی کۆمیسیۆن دایناون و بەوپەڕی بێلایەنی و سەربەخۆییەوە سەیری ئەو سكاڵا و تانانە دەکرێن کە پێشکەشکراون.

بەم بۆنەیەوە کۆمیسیۆن داواخوازە لە هاوبەشانی پڕۆسەی هەڵبژاردن (دەنگدەران، هاوپەیمانییەکان، حزبە سیاسییەکان، پاڵێواراوان، چاودێران، راگەیاندکاران و، هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بە کاروباری هەڵبژاردنەکانەوە هەیە) کە پشتگیری کارەکانی کۆمسیۆن بکەن و بەشداربن لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆن کە ئامانج لێیان بریتیە لە رێکخستن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەر و بێگەرد کە جێگەی متمانەی هەمووان بێت، هەروەها کۆمیسیۆن دووپاتیدەکاتەوە کە بە شێوەیەکی پیشەیی و بێلایەن کاردەکات و بە هەمان دووری لە هەمووان وەستاوە و، ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن و پاراستنی دەنگی دەنگدەرانە.

بەو هیوایەی کە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنانە هەنگاوێکی سەربارکراو بێت بەرەو ئایندەیەکی سەلامەت و خۆشگوزەران بۆ گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

 

خودا بەخشەری سەرکەوتن