قوباد تاڵەبانی: کۆتاییمان بەو قۆناغە هێنا لایەنێک بتوانێت بە دەنگی ساختە خۆی بسەپێنێت

10-10-2024 01:38

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، خەڵکی کوردستان لە بەردەم دوو بژاردەدان و ئەو قۆناغە کۆتایی هات "لایەنێک بتوانێت بە دەنگی ساختە خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت".

"ئەم هەڵبژاردنە دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە، قۆناغی گۆڕین و راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و کۆتاییهێنان بە جیاکاری لەنێوان شار و ناوچە جیاوازەکان" تاڵەبانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتی لە ناحیەی سەرکەپکان وای وت.

قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەخاتەڕوو، خەڵکی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەدان، "ئەوانەی بەم شێوازە حکومڕانییەی ئێستا رازین با دەنگ بە پارتی بدەن و ئەوانەشی رازی نین ئەوە تەنها یەکێتی و سەرۆک بافڵ توانای راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و هێزی گۆڕانکاری هەیە".

ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە تۆماری دەنگدەران پاککراوەتەوەو کۆمسیۆن دەڵێت، ڕێکارەکانی هەڵبژاردنەکە بەجۆرێکن "ساختەکاریی سفر دەکاتەوە".

هەروەها 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان کە لە خولی پێشووی پەرلەماندا هەبوون و سەرجەمیان لە بەرژوەندی پارتی یەکلا دەبونەوە، کراون بە 5 کورسی لە چوارچێوەی 100 کورسیی پەرلەماندا و دابەشکراون بەسەر بازنەکانی هەڵبژاردندا.

لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن 898 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیانیان هەیە، خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسیی بۆ ژنان تەرخان کراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراون؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.