گۆڕان بڕیاری كشانەوە لە حكومەتی دا

10-10-2024 02:12

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا بە كشانەوە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمنزیكانە بڕیارەكە لە بەیاننامەیەكدا ڕادەگەیەنێت و وەزیر و بەرپرسەكانی دیكەی لە كابینەكەی مەسروور بارزانی دەكشێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەیەكی باڵای گۆڕاندا بە سەرپەرشتیی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان، تاوتوێی بژاردەی كشانەوە لە حكومەت كراوە و پەسەندیش كراوە.

بەمزووانە گۆڕان بە فەرمی داوا لە وەزیر و بەرپرسەكانی دیكەی لەناو حكومەتەكەی مەسروور بارزانی دەكات، دەست لەكار بكێشنەوە و پۆستەكانیان جێبهێڵن.

هەر وەزیر و بەرپرسێك كە لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتنبێت و پابەند نەبێت بە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت، لە بزووتنەوەكە دووردەخرێتەوە.

گۆڕان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا بە چوار وەزیر (وەزیرى دارایى - ئاوات شێخ جەناب، دانا عەبدولکەریم - وەزیرى ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، کوێستان محەمەد - وەزیرى كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، کەمال موسلیم - وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى) و چەندین پۆستی دیكە بەشداریی كردووە، ئەمە جگە لە پۆستى جێگرى سەرۆکى هەرێم کە مستەفا سەیدقادرە.

بڕیاری كشانەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێكخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕاندایە بۆ نوێكردنەوە و هەستانەوەی بزووتنەوەكە.

بزووتنەوەی گۆڕان بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە سیاسییەی تێیكەوتووە، بڕیاری گۆڕانكاریی داوە و لە یەكەم هەنگاویشدا دانا ئەحمەد مەجید، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانی دوای 10 ساڵ دووركەوتنەوە بۆ ئەورووپا، گەڕاندەوە هەرێم و وەكوو ڕێكخەری گشتیی نوێ‌ دیاری كرد.

دانا ئەحمەد مەجید كە لە ڕۆژی 28-9-2024 لە مەراسیمێكدا لە سلێمانی لەلایەن عومەر سەید عەلییەوە دەسەڵاتەكانی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانی بە وەكالەت ڕادەست كرا، ڕۆژێك دواتر لە یەكەم پەیامیدا ڕایگەیاند كە "گۆڕان دەگەڕێنینەوە بۆ بەرەی ئۆپۆزسیۆن و ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێك بێت، بەشداری لە حكومەتدا ناكەین".