تورکیا لەسەر ڕێی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتییە؛ 'ڕێگە بە ئۆجەلان دراوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە بکات'

11-10-2024 10:37

پەرەگراف

سێ سەرچاوەی متمانەپێکراو و ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکییان ڕاگەیاند، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە ئارادایە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەو یائێستاش گفتۆگۆکان بەردەوامن، ڕێگەش بە ئۆجەلان دراوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل بکات.

دوای نزیکەی دە ساڵ دابڕان، ئایا تورکیا لە لێواری پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیدایە لەگەڵ کوردانی ئەو وڵاتە؟ ئەو پرسیارە هاتووتە ئاراوە دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن، باخچەلی سەرکردەی نەتەوەپەرستی توندڕەوی ڕاستڕەوی تورکیا هاوپەیمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە، پێشتر باخچەلی پەرلەمانتارانی دەمپارتی بە "تیرۆریست" و "ئافات" وەسف کردووە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار کە زانیاریی وردیان لەسەر دۆسیەی کورد و حکومەتی تورکیا هەیە بە ئەلمۆنیتۆریان ڕاگەیاند، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەقینەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئێستادا لە ئارادایە. دوو لەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە "ئۆجەلان لەم دواییانەدا ڕێگەی پێدراوە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە بکات کە بنکەکەی لە چیای قەندیلە لە هەرێمی کوردستان".

یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت "ئۆجەلان پێی وتوون کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر دانانی چەکەکانیان بکەن. کاتێک سەرکردەکانی پەکەکە پرسیاریان لێکردووە کە داهاتووی خۆیان چۆن یەکلایی دەکرێتەوە، ئۆجەلان تووڕە بووە و تەلەفۆنەکەی داخستووەتەوە".

سەرچاوەی دووەم دەڵێت "ئەو گفتوگۆیه بەشێوەیەکی ڕێکوپێک نەڕۆیشتووه"، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستۆته ڕوو.

سەرچاوەکان باسیان لەوە نەکردووە کە چۆن پەیوەندییەکان دامەزرێندراون. ئەلمۆنیتۆر لەرێگەی واتسئەپەوە پەیوەندی بە سەرچاوەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کرد، یەکێک لە سەرچاوەکان کە وەک ئەوانی دیکە داوای کردووە ناوی نەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئازادی قسە بکات وتی "دەتوانین بڵێین پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستی پێکردووەو  بەرپرسان لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە". سەرچاوەیەکی دیکەش وتی "بوونی باخچەلی، هەمان ئەو پیاوەی کە بەتوندی دژی دیالۆگ لەگەڵ کوردەکان وەستاوەتەوە، یەکەم کەس بێت کە بە ئاشکرا دەستیان بۆ درێژ بکات، شێوازی ئەردۆغانە بۆ ئەوەی بڵێت ئێمە جدیین، ئەگەر ڕێگریمان لێنەکرێت".

لە لێدوانەکانیاندا بۆ میدیاکان، هەردوو باخچەلی و ئەردۆغان بە ئاشکرا نەیانگوتووە کە پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە ئارایدا. بەڵام ئاماژەیان بەوە کردووە کە گۆڕانکاری لە ئارادایە، ئەمەش بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی شەڕی غەزە، بەپرسانی تورکیا دەڵێن هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دروست بووە. ئەردۆغان لە دوایین وتەیدا دەڵێت "ئامانجی ڕاستەقینە"ی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و "باندە بکوژەکەی" تورکیایە و داگیرکردنیەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە مەترسیانەدا تورکیا پێویستی بە یەکگرتوویی هەیە. ئەمەش بە واتای ئاشتی لەگەڵ کورددا دێت، بەڵام بە تەواوی بەپێی مەرجەکانی ئەنقەرە.

هاوکات باخچەلی لە وتارێکدا بۆ پەرلەمانتارانی مەهەپە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو دەستەی کە درێژم کردووە، دەستی یەکێتی نەتەوەیی و برایەتی بوو. ئەو دەستەی کە درێژم کرد، دەستێک بوو کە وتم "با بەرەیەکی هاوبەش لە دژی تیرۆر دروست بکەین" ئەو دەستەی کە درێژم کرد بۆ دەم پارتی یەکێک بوو لەوەی بڵێم "وەرە با یەک پارت بین بۆ هەموو تورکیا".

ئەردۆغان پشتیوانی تەواوی خۆی لە مەهەپەی هاوپەیمانی کردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێمە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی بەرز دەنرخێنین بۆ برایەتی نێوان ٨٥ ملیۆن خەڵکی تورکیا. چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی نوێنەرایەتیان لە پەرلەماندا هەیە بەبێ جیاوازی پشتگیری لەم ڕێبازە بکەن".

یەکێک لە سەرچاوەکانی ئەلمۆنیتۆری ئاشکرای دەکات، "ئەگەر دەم پارتی کارتەکانی بە باشی بەکاربهێنێت و ئەگەر ئەردۆغان شتێکی کۆنکرێتییان پێبدات بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکەن، ئەمجارە دەکرێت شتەکان بۆ کورد جیاواز دەربچن"، ئەمە ئەگەرێکی گەورەیە.

هاوکات لەگەڵ ئەم بەرەو پێشچوونانەدا، پۆلیس ڕۆژی پێنجشەممە هەڵیکوتایە سەر بارەگای دەم پارتی لە پارێزگای ئیدری باکوری کوردستان و سەرۆکی بارەگاکە و بەرپرسانی دیکەی ئەو پارتەی دەستبەسەر کرد، پارتەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، پارێزگاری ئامەد مۆڵەتی گردبوونەوەیەکی ڕەتکردەوە کە گردبوونەوەیەک بوو ... لە 13ی تشرینی یەکەمدا پلانی بۆ دانرابوو بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بەردەوامی گۆشەگیریی ئۆجەلان. بەرپرسانی تورکیا بە شێوەیەکی تایبەت پاساویان بۆ قەدەغەکردنەکە هێنایەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئەگەر وێنەی ئۆجەلان و دروشمی ناسیۆنالیستی کورد نمایش بکرێت، لەوانەیە ئاگر خۆش بکات بۆ تێکدەرانی پرۆسەی ئاشتی.