پەرەگراف
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆبووەوە و داوای کرد هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت تا خواستی هاووڵاتییان بهێنێتەدی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سوودانی، ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ی ئۆکتۆبەر گفتوگۆی لەبارەوە کراوەو سەرۆکوەزیران پشتیوانی تەواوی حکومەتی عێراق بۆ کۆمیسیۆن دوپاتکردووەتەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانیان بۆ هەڵبژاردنەکە.
سوودانی دەڵێت "دەبێت کۆمسیۆن بێلایەنی خۆی بپارێزێت، پارێزگاری لە دەنگی دەنگدەران بکرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و ئازاد بەڕێوە بچێت، تا خواستی هاوڵاتیانی هەرێم بهێنێتە دی".
لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان.
خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.
هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر سێ پارێزگادا دابەش كراون، سێ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ پێكهاتەی توركمان.
كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش سێ كورسی.