بارزانی: كازمی تێگەیشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە‌و دەرفەت هەیە بگەینە ئەنجامی باش

16-08-2020 10:57

پەرەگراف

مەسعود بارزانی دەڵێت، لەگەڵ مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە تێگەیشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە، ئەو دەرفەتە هەیە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن و هەردوولا بگەنە ئەنجامی باش.

ئەو وتەیەی بارزانی لە پەیامێكدا هاتووە كە بۆ 74 هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی بڵاوی كردووەتەوە، بارزانی لە باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداد دا كێشەكان بۆ جێبەجێ نەكردنی دەستووری عێراق دەگەڕێنێتەوەو داواش دەكات كێشەكان تەنها لە مووچەدا كورت نەكرێنەوە، "گرفتی بنەڕەتیی تری وەك پڕەنسیپی شەراكەت و جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140 و پێشمەرگە هەیە و هەروەها سیاسەتی پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی، كە زۆر مەترسیدارە و قابیلی قبوڵ نییە".

دەقی پەیامی بارزانی بۆ یادی 74 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی هاتنەوەی 16ـی ئاب و یادی حەفتا و چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم ئەندام و لایەنگران و كەوادیری پارتی و جەماوەری خەڵكی كوردستان دەكەم. دامەزراندنی پارتی وەرچەرخانێكی گرنگ بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بووە قوتابخانەیەكی نیشتیمانی بۆ خەباتگێڕ و تێكۆشەرانی كورد. ئامانجی دامەزراندنی پارتی زیندووهێشتنەوەی گیانی خەباتی سیاسیی گەلی كورد و بەهێزكردنەوەی بڕوابەخۆبوونی تاكی كورد بوو لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا. پارتی هەمیشە لە گشت قۆناغەكاندا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە مافە ڕەوا كانی گەلی كوردستان و لایەنی سەرەكیی داكۆكیكاری ئەو مافانە بووە و ئەوەیشی بە كردەوە سەلماندووە. بۆیە پارتی هەردەم جێگەی ئومێدی گەلی كوردستان بووە و لە هەمانكاتیشدا هەمیشە پارتی بووەتە نیشانە و ئامانجی پیلانی ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان..

ئەمساڵ یادی شازدەی ئاب لە كاتێكدا دەكەینەوە كە گەلەكەمان لە بەردەم تەحەددیات و كۆسپی گەورە دایە. ئێستا كوردستان لەگەڵ گرفتی ئابووری و تەندروستی و پیلانی جۆراوجۆری ناحەزاندا دەستوپەنجە نەرم دەكات. هەر ئەوەیشە وا دەكات ئەركی پارتی و سەركردایەتی و كەوادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی لە هەموو كاتێك قورستر بێت. لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو دۆخە دژوارەدا پێویستە كاربەردەست و كەوادیری پارتی لە ناو جەماوەر و لە ئاستی چاوەڕوانیی جەماوەردا بن و ببنە هۆكاری چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی خەڵك. پێویست دەكات هەموو پارتییەك ئەوە لە یاد نەكات كە بەرپرسیارێتیی سەرەكیی پاراستن و پێشخستنی هەرێمی كوردستان لەسەر شانی ئەوە و دەبێ لەپێناو كوردستانێكی بەهێزدا خۆی لە هەموو كەسێك زیاتر ماندوو بكات.

لەو یادەدا جەخت لە پەیامی پێكەوەژیان و فرەلایەنی و ئاشتیخوازیی ناو خەڵكی كوردستان دەكەینەوە و ئەوە یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی پارتی كە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینیی و نەتەوەییەكانی كوردستان و ئاشتەوایی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستانیان بپارێزێت. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش، پارتی بە درێژایی تەمەنی خەباتی سیاسیی خۆی، خوازیاری دانوساندن و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی ئاشتیانە و لێكتێگەییشتن بووە. لە ئێستایشدا جەخت لە پەیڕەوكردنی هەمان نەهج دەكەینەوە و هاوكات هەموو هەوڵ و تێكۆشانی پارتی بۆ ئەوە دەبێت كە لەگەڵ تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی تری كوردستان مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بچەسپێنێت و دژی هەموو بیرۆكە و عەقلییەتێك دەوەستێتەوە كە بیەوێ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و شەراكەتی گەلی كورد لەناو دەوڵەتی عێراق پشتگوێ بخات. یانیش بیەوێ كیانی هەرێمی كوردستان كە بەرهەمی سەدساڵ خوێنی سەدانهەزار شەهید و فرمێسكی سەدانهەزار دایكە شەهیدە، لە مانا بەتاڵ بكاتەوە. باشیش دەزانین ئەوەی ئێستا هەیە بە هیچ شێوەیەك لە ئاست قوربانیدانی بێهەژمار و، خەون و ئاواتی سەربەخۆیی گەلەكەماندا نییە. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا بە بۆچوونی ئێمە لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق كە تێگەییشتنی بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەیە، ئەو دەرفەتە هەیە كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێت و هەردوولا بگەینە ئەنجامی باش. ئەو دەستوورەی كە ئەگەر وەك خۆی جێبەجێ كرا با ئێستا زۆرێك لەو گرفتانە نەدەبوون كە لە نێوان هەولێر و بەغدادا هەیە.

لە یادی حەفتا و چوارساڵەی دامەزراندنی پارتیدا ئەوە بە بیر خەڵكی خۆشەویستی كوردستان دەهێنینەوە كە پارتی زادەی یەكگرتوویی ئیرادەی خەباتگێڕانی كورد بوو. پارتی لە ئەنجامی ئینشیقاق و دووبەرەكی لە دایك نەبووە بۆیە پارتی هێما و ناوەندێكە بۆ یەكگرتن و یەكڕیزیی ئیرادەی گەلی كوردستان. هەر لەو سۆنگەیەوە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ برایەتی و ئاشتی و یەكڕیزی چونكە بڕوای بەوەیە كە هەرچی سەركەوتن و دەستكەوتی كە بۆ گەلی كوردستان هەبووە لە سایەی یەكڕیزی و تەبایی و برایەتیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان هاتووەتە دی. داوا لە پارتی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەم كە بە گیانی برایەتی و بەرپرسیارانە بە یەكەوە كار بكەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو تەحەددیات و گرفتانەی بوونەتە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان. دەمەوێ جەختیش لەو بكەمەوە كە ڕاستە مووچە و ژیانی خەڵك زۆر گرنگە و دەبێ هەموو لایەك پێكەوە لە ڕێی چاكسازییەكی هەمەلایەنە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەوڵی چارەسەری كێشەكانی خەڵك و گوزەرانی ژیانی هاووڵاتیان بدەن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا گرفتی بنەڕەتیی تری وەك پڕەنسیپی شەراكەت و جێبەجێكردنی دەستوور و ماددەی 140 و پێشمەرگە هەیە و هەروەها سیاسەتی پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافی، كە زۆر مەترسیدارە و قابیلی قبوڵ نییە. ئەمانە هەمووی ئەولەویەت و بایەخی تایبەتی خۆیان هەیە و نابێ كێشەی گەلی كوردستان تەنیا لە مووچەدا كورت بكرێتەوە. پڕۆسەی تەعریبی ناوچە كوردستانییەكان كە لە سەددەی بیستەم دەستی پێ كردبوو بە داخەوە ئێستایش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە. پێویستە ئەو پڕۆسە ستەمكارانەیە بە زووترین كات ڕابگیرێت و چارەسەری ئەو تەعریب و پاكتاوكردن و گۆڕینی دیمۆگرافییەش بكرێت كە پێشتر لەدژی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كراوە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوایش لە هێزە سیاسییەكانی كورد لە پارچەكانی تر بكەم كە ڕەچاوی دۆخی هەرێمی كوردستان بكەن و نەبنە هۆی ئەوەی زیان لە هەرێمی كوردستان بدرێت. چونكە چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان ناتوانن تەحەمولی زیان و بوردومان و كێشەی تر بكەن. هەرێمی كوردستان خۆی گرفت و كێشەی تری هەیە و بەرگەی زیان و ئازاری زیاتر ناگرێت. بۆیە داوا لە وڵاتانی دراوسێ و هێزە كوردییەكان دەكەین ڕێز لە سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن و هەرێمی كوردستان نەكەنە گۆڕەپانی ململانێێی خۆیان.

لە كۆتاییدا جارێكی تر ئەم یادە پیرۆزە لە هەموو پارتییەكان و خەڵكی سەربەرزی كوردستان پیرۆز دەكەم. ئەو وتەیەی جەنابی بارزانیی نەمر بە بیر هەمووتان دەهێنمەوە كە لە سەركەوتنەكاندا لەخۆبایی نەبن و لە شكستەكانیشدا نائومێد نەبن. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و ئومێدتان بەهێز بێ چونكە ئێوە ئیرادە و ئومێد و هێزن بۆ هەموو خەڵكی كوردستان. پێویستە هەمووتان پشت و پەنای یەكتر و پشت و پەنای خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان بمێننەوە. هەموو ئەوانەیش كە هەوڵی نەهێشتن و ڕووخانی پارتی دەدەن باش بزانن كە پارتی موڵكی گەلە و حزبی خۆنەچەماندنە و ناڕووخێت.

هیوای سەلامەتی و خۆشی بۆ هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم..

مسعود بارزانی

16ـی ئابی 2020