پەرەگراف
لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند "لە دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم داهاتی نەوتی ڕادەستی خەزێنەی گشتیی حكومەتی ناوەندی نەكردووە".
بەپێی قسەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، "مووچەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم بە 13 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ داهاتێكی نەوتی ڕادەست نەكردووە و تا ئێستا تەنیا 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتیشی ڕادەست كردووە".
وەزیری دارایی عێراق، لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەم قسانەی كردووە، كە كۆبوونەوەكە ڕۆژی یەكشەممە 13-10-2024 بەڕێوە چوو و تێیدا گفتوگۆ دەربارەی "میكانیزمەكانی پارەداركردنی بودجە و هەمەچەشنكردنی داهاتەكان" كراوە، لەو چوارچێوەیەدا ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پرسیاریان لەبارەی داهاتی نەوت و نانەوتیی هەرێمی كوردستان كردووە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی پەرلەمانی عێراق، لەو كۆبوونەوەیەدا پرسیار دەربارەی "میكانیزمەكانی گەڕاندنەوەی داهاتی نەوتی هەرێم بۆ خەزێنەی گشتیی حكومەتی ناوەندی كراوە" ئاراستەی وەزیری دارایی كراوە.
وەزیری دارایی عێراق داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كردووە كە "هاوكاریی وەزارەت بكات سەبارەت بە كێشەی داهاتی نانەوتی لەگەڵ حكومەتی هەرێم".