پەرەگراف
كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە "ئامادەكاریی تەواو" بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە. داوایش لەو دەنگدەرانە دەكات كە كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، سبەینێ دواوادەیە و بچن وەری بگرنەوە، چونكە دوای ئەوە "كارتەكان دەگەڕێنرێنەوە بۆ بەغدا".
نەبەرد عومەر، سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند "نزیكەی 112 هەزار كارتی بایۆمەتریی دەنگدان وەرنەگیراونەتەوە، كە 73 هەزاریان لە سلێمانی و 27 هەزار لە هەولێر و 12 هەزار لە دهۆكە".
سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەندێك گرتەی ڤیدیۆیی كە تێیدا دەردەكەوێت دەنگ بە هێزی ئەمنی دەدرێت، بەرپرسەكەی كۆمیسیۆن وتی "ئێمە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر نموونەی وەرەقەی دەنگدانمان بڵاو كردەوە، دیارە ئەوان ئەو وەرەقانەیان دەرهێناوە و وەكوو ڕاهێنان بۆ كارمەندەكانی خۆیان ئەو كارەیان كردووە".
سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەرباری "نەهیكردن"ـی ئەو حاڵەتە، جەختیشی كردەوە كە "دڵنیایی دەدەین بە هیچ شێوەیەك هیچ وەرەقەیەكی دەنگدان و هیچ ئامێرێكی ئەلیكترۆنی لە كۆمیسیۆنەوە نەچووەتە دەرێ و دەنگی پێ نەكراوە".
سەبارەت بە چاودێریكردنی هەڵبژاردنەكانیش، نەبەرد عومەر وتی "نزیكەی هەزار و 550 كەس ناوی وەكوو چاودێری نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان خۆیان تۆمار كردووە، كە نوێنەری 13 كونسوڵگەری و 14 ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی تێدایە".
وتیشی "سبەینێ 15-10-2024، تا كاتژمێر 12ـی شەو، كۆتا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە".