لە 24 كاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕادەگەیەندرێت

17-10-2024 12:10

پەرەگراف

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەندرێت و ئەم ئەنجامە تانەی لێنادرێت.

غەلای وتیشی، دوای ئەنجامی بەرایی، پرۆسە هونەرییە تایبەت بە گەیشتن بە ئەنجامی كۆتایی دەستپێدەكات و ئەنجامی كۆتایی لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە رایدەگەیەنرێت، "لێرەوە قۆناغی تانەلێدانەکان دەستپێدەكات".

دوای تەواوبوونی قۆناغی تانەكان، ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن پەسەند دەكات و لە سایتی فەرمی كۆمسیۆن بڵاوی دەكاتەوە.

سبەینێ سندوقەکانی دەنگدان دەکرێنەوە بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانن و ژمارەیان ٢١٥ هەزارو ٩٦٠ دەنگدەرە، کۆمسیۆن ئەنجامی دەنگدانی تایبەت ڕاناگەیەنێت تا دوای دەنگدانی گشتی و پێکەوە ئەنجامی بەرایی ڕادەگەیەنێت.

دەنگدەرانی تایبەت زۆرینەیان لە هەولێرن کە ٨٩ هەزارو ٧٩١ دەنگدەرن ، پاشان سلێمانی ٧٨ هەزارو ٦٦١ و دهۆک ٤٠ هەزارو ٩٥٦ و هەڵەبجە ٩٥٢ دەنگدەر.

٥ هەزارو ٦٠٠ دەنگدەری تایبەتیش لە پارێزگاکانی عێراقەوە دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و ٢٣ ناوەندی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە لە کەرکوک، نەینەوا، ئەنبار، سەلاحەدین، دیالە، واست و بەغداد.

بەپێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دەنگدەری تایبەت ناتوانێت لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگ بدات، بەوپێیەی کارتی بایۆمەتری کۆدکراوی تایبەت بەخۆیان هەیەو لە دوای دەنگدانی تایبەت لێیان وەردەگیرێت، ئەگەریش کارتەکە ڕادەست نەکەن، هەر ناتوانن لە دەنگدانی گشتی دەنگ بدەن، لەبەرئەوەی ئەو ئامێرەی لە دەنگدانی گشتی بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانی دەنگدەر بەکاردەهێنرێت کارتی بایۆمەتری دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت ناخوێنێتەوە.

لە سەرتاسەری هەرێم دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان، 20ی ئۆکتۆبەر دەنگدانی گشتییە.

خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.