دەنگدانی تایبەت بەردەوامەو سەرۆکی کۆمسیۆن دەڵێت: پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت

18-10-2024 10:12
دەنگدانی تایبەت لە بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی شیرین لە سلێمانی، ١٨-١٠-٢٠٢٤. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

چەند کاتژمێرێکە سندوقەکانی دەنگدان بۆ پەرلەمانی کوردستان کراونەتەوە بە ڕووی دەنگدەرانی تایبەتداو پڕۆسەکە بەردەوامە، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، جەختیش دەکاتەوە کە بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان قەدەغەیە. بەڵام بەشێک لە دەنگدەران هێشتا مۆبایل دەبنە ژوورەوە.

حاکم عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن لە بنکەیەکی دەنگدان لە هەولێر قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کردو وتی، پرۆسەی هەڵبژاردن تائێستا زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئەو ئامێرانەی لە پرۆسەی دەنگدان بەكاردەهێنرێن، رێگە لە ئەنجامدانی هەر كارێكی ساختەكاری دەگرن، "ڕێژەی ساختەکاریی سفرەو ڕێی تێناچێت".

سەرۆکی کۆمسیۆن جەختی کردەوە کە "بردنی تەلەفون بۆ ناو ناوەندەكانی دەنگدان قەدەغەیە"، بەڵام پەیامنێرانی پەرەگراف لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک لەکاتی ڕووماڵی ناوەندەکانی دەنگدان بینییان کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مۆبایلەکانیان پێیە کاتێک دەنگ دەدەن.