لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان پێشنیازە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی ڕەتكردەوە

17-08-2020 05:37

پەرەگراف

لیژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمان بڕیاریدا ناوەڕۆكی پێشنیازە یاسای ڕێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی ڕەتبكاتەوە بەو شێوازەی ئێستا ھەیە. ئەوەش دوای فشارو ڕەخنەی ڕۆژنامەنووسان دێت لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە.

ڕاگەیەندراوێك لە لیژنەی ڕۆشنبیریی پەرلەمان لەوبارەیەوە

راگەیەنراوێك لە لێژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی لە ھەرێمی كوردستان – عێراق.

پێشنیازە یاسای رێكخستنی میدیای ئەلكترۆنی پێشنیازە یاسای ھیچ فراكسیۆن و كەسێكی دیاریكراو نیە ،بەڵكو پێشنیازە یاسایەكە بەواژۆی ٥٣ پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكان ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە، ئامانج لێی زیادكردن و پاراستنی مەودای ئازادیی رادەربرین و پاراستنی رۆژنامەنووسانی میدیای ئەلكترۆنیە لەحوكمدانیان بە یاسای ژمارە ٦ ی سالی ٢٠٠٨ی یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارھێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن.

بەڵام دوای ئەو تێبینیانەی سەبارەت بەناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە گەیشتە لیژنەكەمان، لە ڕێكەوتی ۱۷ـ۸ـ۲٠۲٠ بریارماندا ناوەرۆكی پێشنیازە یاساكە رەتبكەینەوە بەو شێوازەی ئێستا ھەیەو ئامادەكاریی بكەین دوای پرس و راوێژ لەگەڵ پسپۆران و میدیاكاران و لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەمەبەستی ئامادەكردنەوەی بە ناوەرۆكێكی گونجاو كە تێكھەڵكێشبێیت بەو سەرنج و تێبینیانەی لەلایەن پسپۆران و میدیاكارانەوە بۆ لێژنەكەمان ھاتووە.

لێژنەی رۆشنبیری و كۆمەڵگەی مەدەنی لەپەرلەمانی كوردستان