دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات

18-10-2024 06:14

پەرەگراف

پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات، ئامێرەکانی دەنگدان کە کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانیی کەوتنەکار لە کاتژمێر 6ی ئێوارەدا ئۆتۆماتیکی کوژانەوەو سندوقەکان داخران.

لەکاتی دەنگداندا کارتی دەنگدان لە دەنگدەرانی تایبەت وەرگیراو پسووڵەیەکیان پێدرا کە دواتر بەو پسووڵەیە دەتوانن کارتەکانیان وەربگرنەوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی نەتوانن لە دەنگدانی گشتیدا کە 20ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت دەنگ بدەن.

لە هەندێک ناوەندی دەنگدان کێشەی جۆراوجۆرا دروست بوون، ڕێژەیەکی کەم لە دەنگدەران بەهۆی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان تووشی گرفت بوون، دیارترین پێشێلکاریی بردنەژوورەوەی مۆبایل و وێنەگرتنی دەنگدان بوو، هەرچەندە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن جەختی کردەوە کە بردنی تەلەفون بۆ ناو ناوەندەكانی دەنگدان قەدەغەیە، بەڵام پەیامنێرانی پەرەگراف لە سلێمانی و هەولێرو دهۆک لەکاتی ڕووماڵی ناوەندەکانی دەنگدان بینییان کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان مۆبایلەکانیان پێبوو کاتێک دەنگیاندا.