پەرەگراف ئەنجامی وردی ٢٠ هەزار دەنگی تایبەتی جیاکراوە لە بازنەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە
پەرەگراف
بەپێی ئەنجامەکانی نزیکەی ٢٠ هەزار دەنگی تایبەتی جیاکراوە لە بازنەی سلێمانی(سلێمانی، گەرمیان و ڕاپەڕین) کە بەشێک لە ئەنجامەکان لە بەردەستی پەرەگرافدان و بەشێکی دیکەی لە سەرچاوەی فەرمیی حیزبەکان وەریگرتووە، یەکێتی نیشتیمانی لە پلەی یەکەمدایە بە زیاتر لە ١٤ هەزار دەنگ، پاشان نەوەی نوێ لە پلەی دووەم و ڕەوتی هەڵوێست لە پلەی سێیەم دێن.
بەپێی ئەو ئەنجامە، یەکێتی نزیکەی ١٤ هەزارو ٥٠٠ دەنگی بەدەست هێناوە، پاشان نەوەی نوێ نزیکەی ٢ هەزار دەنگی بەدەست هێناوە.
ڕەوتی هەڵوێست کە عەلی حەمەساڵح سەرۆکایەتی دەکات و یەکەمجارە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن، لە پلەی سێیەمدایەو پێش بەرەی گەلی لاهور شێخ جەنگی و حیزبە ئیسلامییەکان کەوتووەو بە بەدەستهێنانی نزیکەی ٨٠٠ دەنگ.
لە پلەی چوارەمدا کۆمەڵی دادگەری دێت بە بەدەستهێنانی نزیکەی ٧٠٠ دەنگ، بەرەی گەلیش کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی دەکات و یەکەم بەشدارییەتی لە هەڵبژاردن پلەی پێنجەمی گرتووە بە نزیکەی ٦٠٠ دەنگ، پاشان یەکگرتووی ئیسلامی نزیکەی ٥٢٠ دەنگ و پارتی دیموکراتی کوردستان نزیکەی ٣٥٠ دەنگ و بزووتنەوەی گۆڕان نزیکەی ٢٥٠ دەنگیان بەدەست هێناوە، لایەنەکانی دیکەو کاندیدە سەربەخۆکانیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر لەو حیزبانە دەنگیان بەدەست هێناوە.
پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دەستی پێکردو لە کاتژمێر 6ی ئێوارەدا ئامێرەکانی دەنگدان ئۆتۆماتیکی کوژانەوەو سندوقەکان داخران و پڕۆسەکە کۆتایی هات.
لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ٢١٥ هەزارو ٩٦٠ دەنگدەری تایبەت مافی دەنگدانیان هەبوو کە زۆربەیان هێزە ئەمنی و سەربازییەکانن.
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت لەسەدا 97 بووەو لەکۆی 215 هەزارو 960 دەنگدەر 208 هەزارو 521 دەنگدەر دەنگیان داوە.
دەنگدەرانی تایبەت زۆرینەیان لە هەولێر بوون کە ٨٩ هەزارو ٧٩١ دەنگدەرن، پاشان سلێمانی ٧٨ هەزارو ٦٦١ و دهۆک ٤٠ هەزارو ٩٥٦ و هەڵەبجە ٩٥٢ دەنگدەری تایبەت هەبوو، ٥ هەزارو ٦٠٠ دەنگدەری دیکەی تایبەتیش لە پارێزگاکانی عێراقەوە مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.