بەرهەم ساڵح: ناكرێت مووچە گیرۆدەی ململانێی سیاسی‌و قاچاخچێتی بێت

18-08-2020 07:21

پەرەگراف

بەرهەم ساڵح هەڵوێستی خۆی لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد ڕاگەیاند‌و بە ڕێككەوتنێكی گرنگ‌و هەنگاوێكی باش لە قەڵەمی دەدات بەرەو چارەسەری كێشەكان.

سەرۆك كۆماری عێراق بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هیوادارم وەكوخۆی جێبەجێ بكرێ‌و زەمینەسازی بكات بۆ ڕێككەوتنێكی گشتگیر كە ببێتە مایەی كۆتاییهێنان بەم كێشەو قەیرانە، مووچەی خەڵك مافێكی دەستوری‌و ڕەوای خەڵكەو ناكرێت چیتر گیرۆدەی ململانێی سیاسی‌و بەرژەوەندیی تایبەتی‌و قاچاخچێتی بێت".

بەرهەم ساڵح تەئكیدی لەوەش كردەوە، دەبێت ڕێككەوتنێكی گشتگیر زووبەزوو تەواو بكەن، چونكە ئەم ڕێككەوتنە كاتییە بۆ ئەو ماوەیەی تا بودجەی عێراق پەسەند دەكرێت، وتیشی "ئەمڕۆ 320 ملیارەكە خەرج كراو خرایەسەر حسابی هەرێم".

15ی ئەم مانگە دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی مەسرور بارزانی‌و مستەفا كازمی، هەرێم‌و بەغداد گەیشتنە ڕێككەوتن‌و ڕاگەیەندرا، ئەوەش لە دوای ئەنجامدانی چەندین كۆبونەوەو ۱۲ جار گۆڕینەوەی پێشنیار و تێبینی. ڕێككەوتنەكە جگە لە ناردنی ٣٢٠ ملیاری مانگانە بۆ ھەرێم، كۆمەڵێك دۆسیەی دیكەش دەگرێتەوە.

خالید شوانی، وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، كە ئەندامی شاندی دانوستانكار بوو دەڵێت، پڕۆسەی دانوستانەكە هەڵكشان و داكشانی زۆری بەخۆوە بینیوەو قورس و ئاڵۆزبووە، "لەیەككاتدا هەوڵەكانمان هەم بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم و هەم بۆ پاراستنی مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان بوو، ڕێكەوتنەكە تاوەكو ئیقراركردنی یاسای بودجەی ۲۰۲۱ بەردەوام ئەبێت و قۆناغێكی نوێی دانوسان لەسەر بودجەی ۲۰۲۱دەستپێدەكەینەوە".

"بەپێی رێكەوتنەكە مانگانە ۳۲۰ ملیار دینار رەوانەی هەرێم ئەكرێت. رێكەوتنەكە كۆمەڵێ مەلەفی تری وەك بابەتی چاودێری و وردبینی ومیكانیزمی چارەسەر كردنی كۆمەڵێك مەلەفاتی تری دارایی و ئابوری لەخۆئەگرێت" خالید شوانی وادەڵێت.

دەشڵێت "رێكەوتنەكە میكانیزمی مامەڵەكردنی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنورییەكان لەخۆ گرتووە كە بەپێی یاسای ئیدارەی دارای فیدرالی ژمارە٦ ساڵی ۲۰۱۹ ئەبێت".