ڕێکخراوی پەیامنێران: لە دەنگدانی تایبەتدا ١٩ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان کرا

19-10-2024 02:55
دیمەنێک لە دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان لە چەمچەماڵ. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

رێکخراوی پەیامنێران رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەتدا ١٩ پێشێلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ١٦ دەزگای میدیایی کراوە کە زۆربەی هەرەزۆریان لە هەڵەبجە بووەو لە سلێمانیش هیچ حاڵەتێکی پێشێلکاریی نەبووە.

رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ئەمڕۆ راپۆرتی تایبەت بە رێژەی پێشێلکارییەکان لە دژی رۆژنامەنووسان لە پرۆسەى دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە کە دوێنێ بەڕێوەچوو.

"بەگوێرەی ئامارەکانمان؛ 19 پێشێلکاری بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، کە 15ـیان لە شاری هەڵەبجە بوون و لە پارێزگای هەولێر سێ پێشێلکاری و لە دهۆکیش حاڵەتێکی پێشێلکاری تۆمار کراوە، بەڵام لە سلێمانی هیچ پێشێلکارییەک تۆمار نەکراوە."

رێکخراوەکە داوا دەکات لە دەنگدانی گشتیدا هێزە ئەمنییەکان و دەزگا حکومییەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن و رێگری لە کارەکانیان نەکەن.

ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت لەسەدا 97 بووەو لەکۆی 215 هەزارو 960 دەنگدەر 208 هەزارو 521 دەنگدەر دەنگیان داوە.

دەنگدەرانی تایبەت زۆرینەیان لە هەولێر بوون کە ٨٩ هەزارو ٧٩١ دەنگدەر بوون لەو ژمارەیە 87 هەزارو 513 کەس دەنگیانداوە کە ڕێژی %97 دەکات.

پاشان سلێمانی ٧٨ هەزارو ٦٦١ دەنگدەری تایبەت هەبووەو 76 هەزارو 501 دەنگ دراوە کە ڕێژەی %97 دەکات.

دهۆک ٤٠ هەزارو ٩٥٦ دەنگدەری هەبوو، 40 هەزارو 206 دەنگ دراوە کە ڕێژەی %98 دەکات.

هەڵەبجە ٩٥٢ دەنگدەری تایبەت هەبوو، 917 دەنگ دراوە بە ڕێژەی %96.