دایكێك و دوو منداڵی لە ڕووداوێكی هاتووچۆدا گیانیان لەدەست دا

19-10-2024 03:28

پەرەگراف

لە دوو ڕووداوی هاتووچۆدا لە پێنجوێن و گەرمیان، سێ‌ كەس گیانیان لەدەست دا و هەشت كەسی دیكە بریندار بوون. لە ڕووداوێکیاندا پێنج ئەندامى یەک خێزان بوونە قوربانى.

ڕووداوی یەكەم لەسەر ڕێگای پێنجوێن - سەیدسادق لە نزیك ناحیەی ناڵپارێز لەنێوان ئۆتۆمبێلێكی جۆری نیسان سەنی و بارهەڵگرێكدا ڕووی دا.

وەكوو لە كامێرای چاودێرییەوە دەردەكەوێت، ئۆتۆمبێلە نیسان سەنییەكە كۆنترۆڵ لەدەست دەدات و دەچێتە سەر ڕێڕەوی بارهەڵگرەكە و بە توندى پێکدا دەدەن.

لەو ڕووداوەدا پێنج ئەندامی یەك خێزان كە خەڵكی گوندێكی سنووری پێنجوێنن، بوونە قوربانی. دایكێك و دوو منداڵی گیانیان لەدەست دا و هاوسەرەكەی و منداڵێكیشیان بە سەختی بریندار بوون.

هەر ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای كەلار - ناحیەی باوەنوور لەنێوان هەر دوو گوندی (بەرلووت و عیسای)، ڕووداوێكی هاتووچۆ لە جۆر پێكدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبیلی جۆری نیسان ئاڵتیما و كیا سیراتۆ ڕووی دا.

ڕاگەیاندنی هاتووچۆی گەرمیان دەڵێت "بەهۆی ڕووداوەكەوە كیا سیراتۆكە وەرگەڕاوە. لە ئەنجامدا شۆفێر و پێنج سەرنشین بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی شەهید هەژار لە كەلار كران".