پەرەگراف ئەنجامی %97ـی دەنگەكانی دەنگدانی تایبەت بڵاو دەكاتەوە

19-10-2024 06:07

پەرەگراف

بەپێی ئەنجامی بەرایی نافەرمیی %97ـی دەنگەكانی دەنگدانی تایبەت كە دەست پەرەگراف كەوتووە، پارتی زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە و بە جیاوازیی زیاتر لە 31 هەزار دەنگ لە پێش یەكێتییەوەیە، هەروەها نەوەی نوێ‌ لە پلەی سێیەمدا دێت.

پەرەگراف لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو حیزبەكانەوە، ئەنجامی جیاكردنەوەی 174 هەزار و 107 دەنگی دەنگدانی تایبەتی دەست كەوتووە، ئەمە جگە لە نزیكەی 29 هەزار دەنگی پووچەڵ، كە بە كۆی گشتی دەكاتە ئەنجامی زیاتر لە 203 هەزار دەنگ لە كۆی 208 هەزار و 521 دەنگی دەنگدانی تایبەت.

بەپێی ئەو ئەنجامانەی كە دەست پەرەگراف كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین دەنگی بەدەست هێناوە كە "82 هەزار و 979" دەنگە، دوای ئەو یەكێتیی نیشتمانی لە پلەی دووەمدا دێت بە "51 هەزار و 345" دەنگ، پاشانیش جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بە بەدەستهێنانی "11 هەزار و 207" دەنگ پلەی سێیەمی گرتووە.

لە دوای ئەو سێ‌ لایەنە، یەكگرتووی ئیسلامی بە "دوو هەزار و 885" دەنگ پلەی چوارم، ڕەوتی هەڵوێست بە "دوو هەزار و 492" دەنگ پلەی پێنجەم، كۆمەڵی دادگەری بە "دوو هەزار و 391" دەنگ پلەی شەشەم و بەرەی گەل بە "دوو هەزار و 110" دەنگ پلەی حەوتەمیان گرتووە.

هەر بەپێی ئەو ئەنجامانەی دەست پەرەگراف كەوتووە، ئەنجامی لایەنەكانی دیكە بەم شێوەیەن "هاوپەیمانیی هەرێمی كوردستان: 844 دەنگ، هاوپەیمانیی سەردەم: 311 دەنگ، بزووتنەوەی گۆڕان: 705 دەنگ، بزووتنەوەی ئیسلامی: 137 دەنگ، هاوپەیمانیی نیشتمانی: 44 دەنگ، پەیوەندیی ئیسلامی: 61 دەنگ، مەسیحی: 9226 دەنگ، توركمان: 6354 دەنگ، سەربەخۆكان: 1016 دەنگ".

جگە لەو دەنگانە، نزیكەی 29 هەزار دەنگی دەنگدانی تایبەت پووچەڵ بووە. بەپێی ئەنجامی بەرایی نافەرمی كە پەرەگراف لە سەرچاوەی ناو حیزبەكانەوە دەستی كەوتووە، زۆرترین دەنگی پووچەڵ لە سلێمانی بووە كە نزیكەی 17 هەزار دەنگە، پاشان هەولێر نزیكەی 9 هەزار و دهۆك نزیكەی سێ‌ هەزار دەنگی پووچەڵی هەبووە، لە بازنەی هەڵەبجەش زیاتر لە 200 دەنگی پووچەڵ هەبووە.

دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، دوێنێ‌ 18-10-2024 بەڕێوە چوو، لە كۆی 215 هەزار و 960 دەنگدەر، 208 هەزار و 521 دەنگدەر دەنگیان دا، كە دەكاتە لەسەدا 97ـی دەنگدەران.

دەنگدەرانی تایبەت زۆرینەیان لە هەولێر بوون کە ٨٩ هەزارو ٧٩١ دەنگدەر بوون لەو ژمارەیە 87 هەزارو 513 کەس دەنگیانداوە کە ڕێژی %97 دەکات.

پاشان سلێمانی ٧٨ هەزارو ٦٦١ دەنگدەری تایبەت هەبووەو 76 هەزارو 501 دەنگ دراوە کە ڕێژەی %97 دەکات.

دهۆک ٤٠ هەزارو ٩٥٦ دەنگدەری هەبوو، 40 هەزارو 206 دەنگ دراوە کە ڕێژەی %98 دەکات.

هەڵەبجە ٩٥٢ دەنگدەری تایبەت هەبوو، 917 دەنگ دراوە بە ڕێژەی %96.

بڕیارە سبەینێ‌ 20-10-2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت. دەنگدانەكە لە كاتژمێر 7ـی بەیانی دەست پێ‌ دەكات و لە كاتژمێر 6ـی ئێوارە كۆتایبی دێت.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییش لە دوای 24 كاتژمێر لە كۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی، ڕادەگەیەندرێت. هەر ئەنجامێكی دیكە كە لەلایەن حیزبەكانەوە بڵاو دەكرێنەوە، لەلایەن كۆمیسیۆنەوە ڕەت دەكرێتەوە.