ئەمریكا داوا لە عێراق دەكات لەبارەی بودجەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێككەوێت

19-08-2020 07:43
مایك پۆمپیۆو فوئاد حسێن دوای كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیان. وێنە؛ كوردستان24

پەرەگراف

قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریكاو عێراق لە واشنتۆن دەستی پێكرد، كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد بەشێكن لە بابەتی گفتوگۆكان‌و ئەمریكا داوا لە عێراق دەكات لەبارەی پرسی بودجەوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان ڕێككەوێت.

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دوای كۆبوونەوەی نێوانیان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا زانیارییان لەبارەی گفتوگۆكان خستە ڕوو.

"دەمانەوێت بەغداد كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات و هانی بەغدادمان دا بۆ ئەوەی ڕێككەوتنی بودجە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات" وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وای وت.

پۆمپیۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان سەقامیگریی عێراقیان بەلاوە گرنگەو گروپە چەكدارەكان مەترسین لەسەر عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد، وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی عێراق بەتایبەت لە بوژاندنەوەی ئەو ناوچانەی لەلایەن داعشەوە زیانیان پێگەیەندراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ڕاگەیاند‌و تەئكیدی كردەوە عێراقێكی سەقامگیریان دەوێت‌و ئەمریكا پابەندی پاڵپشتیكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە لە چوارچێوەی بەرنامەی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێكشاندنی داعش، وتیشی "پشتیوانییەكە بۆ ئەوەشە ئەو گروپە میلیشیاییانە بوەستێنین كە دەمێكە خەڵكی عێراق تیرۆر دەكەن و سەروەریی نیشتمانیی عێراقیان خستووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیان".

ئەمریكاو عێراق لەبارەی چەندین پرسی جیاواز گفتوگۆیان كردووەو بڕیارە چەندین لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا واژۆ بكرێت بەتایبەت لە پرسەكانی؛ وزە، تەندروستی، كارەباو خوێندن‌و پەروەردە.

هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق، پەیوەندیی ئەمریكای لەگەڵ وڵاتەكەی بە گرنگ لەقەڵەمداو تەئكیدی لە پشتیوانیی ئەمریكا كردەوە بۆ هێزە ئەمنییەكانی عێراق تا بتوانن بەسەر تیرۆردا سەربكەون.

فوئاد حسێن، ئەوەی خستەڕوو، یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن‌و پێكەوەكاركردن لە نێوان عێراق‌و ئەمریكا واژۆ دەكرێت لە بوارەكانی؛ كارەبا، نەوت، تەندروستی، ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا.

عێراق لە بەرزترین ئاستدا بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران لە واشنتۆنە بۆ قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژی كە بڕیارە چەندین ڕێككەوتن‌و لێكتێگەیشتنی لێبكەوێتەوە.

قۆناغی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات ناوەڕاستی مانگی 6ی ئەمساڵ بە ڤیدیۆ كۆنفرانس ئەنجام درا، ئەوكاتیش ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا پشتیوانیی بۆ عێراق دووپات كردەوە، هاوكات تەئكیدی لە بەردەوامیی كشانەوەی هێزەكانی كردەوەو ڕایگەیاند، هەوڵ نادات بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی لە عێراق هەبێت یان بە بەردەوامی هێزی سەربازیی لەو وڵاتە هەبێت، هەر وەك چۆن لە ڕێكەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی لە ساڵی 2008دا هاتووە كە هاوكاری ئاسایش لەسەر بنەمای ڕێكەوتنی هەردوولا دەكرێت.

ئەو هەڵوێستەی ئەمریكاو بەردەوام بوون لە كشانەوەی هێزەكانی لە عێراق، دوای ئەوە دێت پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكدا بەبێ فراكسیۆنە كوردییەكان و سوننە، زۆرینەی شیعە بڕیاریاندا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان بە تایبەت ئەمریكا لە تەواوی خاكی وڵاتدا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێكەوتەكانی بە ئامانجگرتنی سەركردە سەربازییەكانی ئێران و حەشدی شەعبی بەتایبەت قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس.

بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، بە پێچەوانەوەی گەرموگوڕیی بەغداوە، لە هەرێمی كوردستان كاریگەر دەرنەكەوت و هەڵوێستەكانیش بەو ئاڕاستەیەن كە هەولێر دەستبەرداری هێزەكانی ئەمریكا نابێت.