بە ڤیدیۆ؛ مەسعود بارزانی و محەمەدی حاجی مەحمود پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە

20-10-2024 10:52

پەرەگراف

دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان بەردەوامەو کۆمسیۆن دەڵێت: پڕۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت. نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران کە بەشێکە لە پڕۆسەی دەنگدان کێشەی بەشێک لە دەنگدەرانەو هەریەکە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی حیزبی سۆسیالیست پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە، بەڵام توانییان دەنگ بدەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ چارەسەری نەخوێندنەوەی پەنجەۆمۆر ڕێنمایی دەرکردووە کە ئەو دەنگدەرانە بتوانن بە حاڵەتی تێپەڕاندن دەنگەکانیان بدەن، بۆئەوەش کارمەندانی کۆمسیۆن کارتی دەنگدان لە دەنگدەرەکە وەردەگرن و پسووڵەیەکی پێدەدەن تا دوای ڕۆژی دەنگدان بتوانێت بەو پسووڵەیە کارتەکەی وەربگرێتەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود لەبارەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری بە ڕۆژنامەنووسانی وت "من ڕۆژانە کاردەکەم و وتیان پەنجەکانت ماندووە، من کرێکاری دەکەم و جوتیارم ڕۆژانە بەو دەستانەی خۆم کاردەکەم".

دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، هیچ كێشەیەكی تەكنیكی نەبووەو پڕۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت.

"دوای ئەوەی كاتژمێر شەش بنكەكانی دەنگدان دادەخرێن، هەموو ئەنجامەكانی بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەنێردرێن بۆ سێرڤەرەكانی ئۆفیسی نیشتمانی لە بەغداد، پێویستە لەماوەی 24 كاتژمێردا ئەنجامەكانی رابگەیەندرێن، هیوادارین بتوانین زووتر ئەنجامەكان رابگەیەنین" سەرۆکی کۆمسیۆن وای وت.

کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سندوقەکانی دەنگدان بە ڕووی ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزارو ٦١٨ دەنگدەر کرانەوە لە سەرتاسەری هەرێم، ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەریش ٢٠٨ هەزارو521  دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگیاندا.

دەنگدەران ١٠٠ کورسیی پەرلەمانی کوردستان یەکلا دەکەنەوە کە هەزارو ١٩١ کاندید کێبڕکێی لەسەر دەکەن، خولی نوێی پەرلەمان لانیکەم ٣٠ کورسی بۆ ژنان تەرخانکراوە بە کۆتا، لەگەڵ پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان؛ مەسیحی ٣ کورسی و تورکمان ٢ کورسی.

هەڵبژاردنەکە بە سیستەمی چوار بازنەیی بەڕێوەدەچێت، پێنج كورسییەکەی پێكهاتەكان بەسەر ‏سێ‌ پارێزگادا دابەش كراون، سێ‌ كورسی لە هەولێرو سلێمانی و دهۆك بۆ ‏پێكهاتەی مەسیحی تەرخان كراوە، دوو كورسیش لە هەولێر و سلێمانی بۆ ‏پێكهاتەی توركمان.‏

كورسییەكانی پەرلەمان بەم جۆرە دابەش ‏كراون بەسەر پارێزگاکاندا؛ پارێزگای هەولێر 34 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، ‏پارێزگای سلێمانی 38 كورسی كە دوو كورسییان بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای ‏دهۆك 25 كورسی كە یەك كورسیی بۆ پێكهاتەكانە، پارێزگای هەڵەبجەیش ‏سێ‌ كورسی.