پەرەگراف
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوو جۆر کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە کە ئەوان ناتوانن لەم کاتەدا چارەسەری بکەن.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت:
"دوو جۆر کێشەی پەنجەمۆر هەیە.
یەکەم: ئەو کارتانەی کە پەنجەمۆریان تێدا نییە، لە هەر وێستگەیەک ڕێژەی ٪5یان بۆ دیاری کراوە کە 23 دەنگ دەکات، دەتوانن بەبێ پەنجەمۆر دەنگ بدەن، لەو ژمارەیە زیاتر بێت، ناتوانن دەنگ بدەن.
ئەمە یاسایە و لە پەرلەمان دەرچووە، ئەو ڕێژەیە دیاری کراوە و ئێمە ناتوانین ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین.
دووەم: ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە کارتەکانیان پەنجەمۆری تێدایە، بەڵام لەئێستادا ئامێرەکە پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە بە هەر هۆکارێک بێت.
لەمەیاندا کێشە لە ئامێرەکاندا نییە، کێشە لە پەنجەی کەسەکەدایە، ئیتر بەهۆی نەخۆشی یان کارکردنەوە بێت.
داوای لێبوردن دەکەین، ئەوانەش ئێمە ناتوانین کێشەکەیان چارەسەر بکەین. مەگەر دکتۆر یان کەسانی پسپۆڕ ڕێگەچارەیان نیشان بدەن".
نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران کە بەشێکە لە پڕۆسەی دەنگدان کێشەی بەشێک لە دەنگدەرانەو بەوهۆیەوە سەدان کەس لە دەنگدان بێبەش بوون لە سەرتاسەری هەرێم.
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ٪31 بووە. زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای هەولێر بووە بە ٪34، کەمترینیش لە سلێمانی بووە بە ٪29. دوای هەولێر، زۆرترین ڕێژەی بەشداری لە پارێزگای هەڵەبجە بووە کە ٪33یە، پاشان پارێزگای دهۆک دێت کە ٪31ـە.
پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە کۆتایی دێت.