پەرەگراف
کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ڕایگەیاند، ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدانی گشتی و تایبەت پێکەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان لەسەدا 72 بووە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن، بەرزترین ڕێژەی بەشداریی لە دهۆک بووە کە لەسەدا 78 بووەو نزمترینیش لە سلێمانی بووە کە لەسەد 65 بووس.
هەروەها لە هەولێر لەسەدا 74 و لە هەڵەبجەش لەسەد 69ی دەنگدەران بەشدارییان لە پڕۆسەکەدا کردووە.
ئەو ئامارانە دەریدەخەن ڕێژەی بەشداریی لەم هەڵبژاردنە زیاتر لە دوو ئەوەندەی هەڵبژاردنی 2021ی پەرلەمانی عێراقە کە ئەوکات نزیکەی لەسەدا 70ی دەنگدەران بایکۆتی پڕۆسەکەیان کرد.
ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە لە بەردەستی لایەنە سیاسییەکاندایە کە چاودێریان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان هەبوو، هەمووان ڕازین بە ئەنجامەکان و کەس ناڕازی نییەو باسی ساختەکاریی ناکرێت، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردن.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، ڕیزبەندیی حیزبەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان وەکخۆی ماوەتەوەو پارتی یەکەمە بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ یەکێتی کە پلەی دووەمی هێناوە، پاشان نەوەی نوێ هێزی سێیەمە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم 'سەرکەوتن'ی پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕاگەیاند و دەڵێت "سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بوو لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی دیموکراسیدا".
"سوپاسی کۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ئەم پرۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەکەم. هەرچەندە بەشدارینەکردنی ڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتیان بە هۆی کێشەی تەکنیکییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە هەوڵی جددی بدرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و مافی دەنگدانی هەر هاووڵاتییەک بە تەواوەتی مسۆگەر بکرێت" مەسرور بارزانی وادەڵێت.
تەنها خاڵێکی زەق کە وەک کێشە لە هەڵبژاردنەکەدا تێبینی کرا، نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بوو کە بەشێک بوو لە پڕۆسەی دەنگدان و بەوهۆیەوە سەدان کەس لە دەنگدان بێبەش بوون لە سەرتاسەری هەرێم.