پەرەگراف
وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بڵاو كردەوە و دەشڵێت "بەگشتی 71 سكاڵا تۆمار كراون".
بڕیارە كاتژمێر 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغدا ڕابگەیەنێت، ئەنجامی كۆتاییش لە ڕۆژانی داهاتووتر لە هەولێر دەخرێتە ڕوو.
بەیانی ئەمڕۆ 21-10-2024، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ڕایگەیاند "بەرزترین ڕێژەی بەشداری لە دەنگدان لە پارێزگای دهۆك بووە كە 78%ـە، كەمترینیش لە پارێزگای سلێمانی بووە كە 65%ـە".
هەروەها ڕێژەی بەشداری لە بازنەی پارێزگای هەولێر 74% و لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە 69% بووە.
سەبارەت بە دەنگدانی گشتی، ڕێژەی بەشداری 70% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت %97 بووە، تێكڕای بەشداریكردن لە هەڵبژاردنیش %72ـە.
كۆی ژمارەی سكاڵا تۆماركراوەكانی ئەم هەڵبژاردنە، 71 سكاڵایە، كە زۆترینیان لە سلێمانی بووە بە 25 سكاڵا، پاشان هەڵەبجە 24 سكاڵا، هەریەكە لە هەولێر و دهۆكیش یەكی 11 سكاڵا.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بە شێوەی ئەلكترۆنی گەیشتوونەتە بەغدا و هەر سندووقێكیش قردێلەی سووری لێ بدرێت، دواتر دەكرێتەوە و بەشێوەیەكی "شەفاف"ـانە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.