پەرەگراف
هێزە ئەمنییەكان لە دهۆكو هەولێر نووسینگەكانی كەناڵی ئێن ئاڕتییان داخستو ڕێگە بە ڕۆژنامەنووسانی ئەو كەناڵە نادەن كار بكەن، سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئەوكارە مەحەكە بۆ قبوڵنەكردنی جیاوازیی.
داخستنی نووسینگەكانی ئێن ئاڕتی بە زەبری هێز، دوای ڕووماڵی ئەو كەناڵە دێت بۆ خۆپیشاندانەكەی شەوی ڕابردوو زاخۆ كە گرژیی لێكەوتەوەو هێزە ئەمنییەكان بە لێدانو تەقەكردن ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەوەو دەیان كەس بریندار بوون.
هاوكات لەگەڵ گواستنەوەی زانیاریی لەبارەی خۆپیشاندانەكە، هەر شەوی ڕابردوو نووسینگەی دهۆكی ئێن ئاڕتی داخر، ئەمڕۆش هێزە ئەمنییەكان چوونەسەر نووسینگەی هەولێری ئەو كەناڵەو دایانخست.
ئێن ئاڕ تی دەڵێت، هێزەكانی پۆلیس هیچ هۆكارێكیان بۆ داخستنی نوسینگەكەیان باسنەكردووە و تەنها رایانگەیاندووە كە فەرمانیان پێكراوە نوسینگەی كەناڵەكە دابخەن.
كەناڵەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، پۆلیس هۆشدارییان داوەتە كارمەندانی نوسینگەی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، كە بۆیان نییە كار بكەن و لەهەر شوێنێك بەردەوام بن لە كاركردن دەست بەسەر كەلوپەلە ڕۆژنامەوانیەكانیاندا دەگرن.
داخستنی نووسینگەكانی ئێن ئاڕتی ناڕەزایی چینو توێژە جیاوازەكانو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لێكەوتەوە، سەنتەری میترۆ بۆ پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، داخستنی ئۆفیسی كەناڵی ئێن ئاڕتی و دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسەكانی، مەحەكن بۆ قبوڵنەكردنی جیاوازيی، بۆ هەوڵی دەسەڵات لە بەرتەسككردنەوەی ئازادی كاری ڕۆژنامەنوسی.
میترۆ لە بەیاننامەیەكدا باسلەوەدەكات، ئەگەر كاری ئەو كەناڵەی ڕوماڵی ناڕەزایەتی دەكات، قەدەغە بكرێت، هەر خەڵك خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی خۆی، هەزار ئێن ئاڕتی دروستدەكات و دەبنە پەیامنێری كەناڵەكە. ئێستا سەردەمی یەك تیڤی و یەك ڕادیۆو یەك ڕۆژنامە نییە، ئەو سەردەمە بەسەرچوو، هەموو هاوڵاتییەك ڕادیۆو تیڤی و ڕۆژنامەی خۆی هەیە، دەتوانن هەمووان وەك ئێن ئاڕتی دەنگیان بگەیەنن.
"ئێن ئاڕتی بێ پشت و پەنا نییە، خەڵك دەبن بە پەیامنێری، خەڵك دەیپارێزێت، ئازادی ڕۆژنامەنوسی مەكەنە قوربانی سیاسەتكردن" میترۆ وادەڵێت.