کۆمسیۆن وەڵامی گومانەکان دەداتەوە لەبارەی ‘ساختەکاریی’ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

23-10-2024 03:00

پەرەگراف

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، هێشتا ژمارەی وردیان لانییە کە دەنگی پووچەڵ چەند بووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەیامێکیش ئاڕاستەی ئەو لایەن و کاندیدانە دەکات کە گومانیان لە دەنگەکانیان هەیەو باسی "ساختەکاریی" دەکەن لە هەڵبژاردنەکەدا.

لە وەڵامی پرسیارێکی پەرەگراف کە ئایا ڕاستە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگی پووچەڵ هەبووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؟ جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، وتی "هێشتا ژمارەی وردمان لانییە بە دەقیقی دەنگی پووچەڵ چەندە، بەڵام هۆکاری بەشێک لە دەنگە پووچەڵەکان ئەوەیە کاندیدەکان زانیاریی دروستیان نەداوە بە دەنگدەرەکانیان، دەنگدەر هەبووە تەنها دەنگی بە ژمارەی کاندید داوە بەبێ ئەوەی لیستەکەی دیاری بکات، یاخود دەنگدەر هەیە دەنگی بە لیستداوەو کاندیدێکی کۆتای هەڵبژاردووە، وەرەقەش هەبووە هیچ مۆرێکی پێوەنەبووەو ئەوەش بە پووچەڵ هەژماردەکرێت".

لەبارەی گومانی هەندێک کاندید و لایەن لەبارەی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکەو دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەکان لەڕێی "بەرنامەڕێژکردنی ئامێرەکانی دەنگدان و ژماردنی دەنگەکان"، وتەبێژەکەی کۆمسیۆنی وتی "لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرلە ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەنگدانەکە، کۆمسیۆن داوا لە کاندیدەکان دەکات سەردانی نووسینگەکانی ناوچەکانی خۆیان بکەن و هاردێکی ٤ تێرابایتی ئێس ئێس دی ببەن لەگەڵ خۆیان، بۆئەوەی سەرجەم دەنگەکانیان وەربگرنەوە لە هەر وێستگەو بنکەیەک چەند دەنگیان هێناوە، هەروەها وێنەی فۆرمی دەنگدانەکەو ئەو شریتەشیان پێدەدرێت کە دەنگی هەر وێستگەیەکی لەسەرەو دەتوانن بەراوردی بکەن بزانن چەند دەنگیان هێناوە".

جومانە عەلای وتیشی "بە دەنگدانی تایبەت و گشتی ١٨٩ سکاڵا هەیەو لە قۆناغی جیاکردنەوەی سکاڵاکانداین بزانین کامە سەوزو زەردو کامە سوورە، دواتر کورسییەکان دابەش دەکەین بەسەر لایەنە براوەکانداو پاشان ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەیەندرێت و لە ماوەی ٣ ڕۆژدا کۆمسیۆن سکاڵای لایەنەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن وەردەگرێت".

دوو ملیۆن و ٨٩٨ هەزارو ٥٧٨ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان، بەپێی ئاماری فەرمی کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریی لەسەدا ٧٢ بووە.

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەری پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی فراوانی ئەو لیست و کاندیدانەی لێکەوتەوە کە دەنگەکانیان لە ئاست چاوەڕوانییاندا نەبووەو ئەنجامەکانی ڕەت دەکەنەوەو پێیانوایە "ساختەکاریی بەرنامەبۆداڕێژراو کراوە"، هەڵبژاردنەکە هەرچەندە گۆڕانکاریی لە ڕیزبەندی حیزبی یەکەم و دووەم نەهێنایە ئاراوە، پارتی و یەکێتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار شەرعیەتی دەنگی خەڵکیان بۆ نوێ کرایەوە، بەڵام هەندێک گۆڕانکاریی و لێکەوتەی دیکەی هەن، نەوەی نوێ گەورەترین براوەو گۆڕان گەورەترین دۆڕاوە، حیزبە نوێیەکانیش بە دڵشکاوی لێی هاتنەدەرەوە.