پەرەگراف
دوو چەكدار هێرشیان كردە سەر كۆمپانیایەكی بواری فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانیی توركیا، پاش كوشتنی چوار كەس و برینداركردنی 14 كەسی دیكە، وەزیری ناوخۆی توركیا كوژرانی چەكدارەكانیشی ڕاگەیاند.
هێرشەكە كراوەتە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانیی (توساش) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، کە كۆمپانیایەكی پەیوەست بە پیشەسازیی بەرگریی توركیایە، لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جەنگی و هێلیكۆپتەر، سیستمی بۆشایی ئاسمان و مانگی دەستكرد كار دەكات.
وەكوو لە كامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوتووە، دوو چەكدار كە یەكێكیان ژن و ئەوی دیكەیان پیاوە، لە ئۆتۆمبێلێك دادەبەزن و دەست بە دەستڕێژی گوللە لە كەسانی ئەو شوێنە دەكەن، پاشان دەچنە ژوورەوە.
عەلی یەرلیكایا، وەزیری ناوخۆی توركیا، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هێرشەكە كاتژمێر 3:15ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە دەرەوەی بارەگای كۆمپانیای توساش لە ناوچەی كاهرامانكازان لە ئەنقەرە ئەنجام دراوە".
وەزیری ناوخۆی توركیا وتیشی، هێزی تایبەتی جەندرمە و ئاسایش بە خێرایی ناوچەكەیان گەمارۆدا و هەردوو هێرشبەرەكەیان كوشت.
هەرچەندە عەلی یەرلیكایا ڕایگەیاند كە هێشتا ناسنامەی هێرشبەرەكان ئاشكرا نەكراوە و تیمێكی تایبەت لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن، بەڵام هەندێك لە میدیاكانی توركیا پەنجەی تۆمەت بۆ پەكەكە درێژ دەكەن.