دەمیرتاش ئیدانەی هێرشەكەی ئەنقەرە دەكات و 'کپکردنى دەنگى ئاشتی و دانوستان' ڕەت دەكاتەوە
![](https://peregraf.com/uploads/thumbs//news/2024/10/934x500_1107297081-1180126412-750x430-1.jpg)
پەرەگراف
سەلاحەدین دەمیرتاش "ئیدانە"ـی هێرشەكەی ئەنقەرە دەكات و لە پامێكدا هەر هەنگاوێك بۆ "کپکردنى دەنگى ئاشتی و دانوستان" ڕەت دەكاتەوە. دەمیرتاش جەخت دەكاتەوە كە چیتر لە "هیچ لایەنێكی قبووڵ ناكەن" ڕێگەچارەی ئاشتییان بەسەردا دابخات.
"ئەو عەقڵیەتەی كە هەوڵ دەدات لە ڕێی ڕشتنی خوێنەوە ڕێگەچارەی دانوستان و گفتوگۆ بۆ كێشەكانمان بپچڕێنێت، با بزانێت كە ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بكات و لە ڕێگەی سیاسەتەوە كێشەكان چارەسەر بكات، ئێمە بەوپەڕی توانامانەوە پشتیوانیی دەكەین"، ئەمە بەشێكە لە پەیامەكەی هاوسەرۆكی پێشووتری زیندانیكراوی هەدەپە.
پەیامەكەی دەمیرتاش پاش ئەوە دێت كە سەزایی تەمەللی، بریكاری هاوسەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی، خەمباریی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند "كاتی هێرشەكە جێگەی گومان و هەڵوەستە لەسەر كردنە. ڕوونە ڕووداوەكە گێرەشێوێنی و تێكدەرانەیە".
تەوقیتی هێرشەكەی ئەنقەرە كە هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، گومانی ئەوەی لای هەموو پارتەكانی توركیا دروست كردووە بۆ تێكدانی دۆخەكەیە، هەر بۆیە هەموان بە كوردیشەوە دژی وەستاونەتەوە.
ئەمشەو، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی زیندانیكراوی پێشووتری هەدەپە، لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس وتی "ئیدانەی هێرشەكەی ئەنقەرە دەكەین و سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە دەكەین كە گیانیان لەدەست داوە، هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكانیش دەخوازین".
دەمیرتاش دەڵێت "هیچ هەنگاوێك قبووڵ ناكەین كە ئامانجی بێ ئەرزشكردن و بێ ئیرادەكردنی سیاسەتی دیموكراتی و هەوڵەكانی ئاشتی بێت". هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "ئەم جارە هەرگیز ناهێڵین دەنگی ئاشتی سەركوت بكرێت، ئیتر هەوڵی لەوشێوە لە هەر لایەنێكەوە بێت".
هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، لە كاردانەوەی هێرشەكەدا ڕایگەیاند "هیچ پیلانێكی ناپاكانە و دوژمنانە و هیچ پرۆژەیەك لە دژی برایەتی و یەكێتیی نیشتمانیمان سەر ناگرێت".
سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)یش سەرباری "ئیدانەكردن"ـی هێرشەكە ڕایگەیاند "كاتی هێرشەكە مایەی هەڵوەستە لەسەركردنە و مرۆڤ گومانی خراپ دەكات".
ئێوارەى ئەمڕۆ دوو چەكدار هێرشیان كردە سەر كۆمپانیایەكی بواری فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانیی توركیا، پاش كوشتنی چوار كەس و برینداركردنی 14 كەسی دیكە، وەزیری ناوخۆی توركیا كوژرانی چەكدارەكانیشی ڕاگەیاند.
هەرچەندە وەزیرى ناوخۆى تورکیا ڕایگەیاند كە هێشتا ناسنامەی هێرشبەرەكان ئاشكرا نەكراوە و تیمێكی تایبەت لێكۆڵینەوەی لەبارەوە دەكەن، بەڵام هەندێك لە میدیاكانی توركیا پەنجەی تۆمەت بۆ پەكەكە درێژ دەكەن.
چەند هەفتەیەک پرسى دەستپێکردنەوەى دانوستانەکانى پرۆسەى ئاشتى لە تورکیا سەرى هەڵداوەتەوە و پارت و بەرپرسانى باڵاى ئەو وڵاتە بەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێن. هەروەها سێ سەرچاوەی متمانەپێکراو و ئاگادار بە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریکییان ڕاگەیاندووە، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لە ئارادایە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ڕێگەش بە ئۆجەلان دراوە گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل بکات.
دوای نزیکەی دە ساڵ دابڕان، ئایا تورکیا لە لێواری پرۆسەیەکی نوێی ئاشتیدایە لەگەڵ کوردانی ئەو وڵاتە؟ ئەو پرسیارە هاتووتە ئاراوە دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، چووە لای پەرلەمانتارانی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵدا کردن، باخچەلی سەرکردەی نەتەوەپەرستی توندڕەوی ڕاستڕەوی تورکیا هاوپەیمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە، پێشتر باخچەلی پەرلەمانتارانی دەمپارتی بە "تیرۆریست" و "ئافات" وەسف کردووە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار کە زانیاریی وردیان لەسەر دۆسیەی کورد و حکومەتی تورکیا هەیە، بە ئەلمۆنیتۆریان ڕاگەیاند، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانە ڕاستەقینەکانی نێوان حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە ئێستادا لە ئارادایە. دوو لەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە "ئۆجەلان لەم دواییانەدا ڕێگەی پێدراوە ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ سەرکردایەتی پەکەکە بکات کە بنکەکەی لە چیای قەندیلە لە هەرێمی کوردستان".
یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت "ئۆجەلان پێی وتوون کاتی ئەوە هاتووە گفتوگۆ لەسەر دانانی چەکەکانیان بکەن. کاتێک سەرکردەکانی پەکەکە پرسیاریان لێ کردووە کە داهاتووی خۆیان چۆن یەکلایی دەکرێتەوە؟، ئۆجەلان تووڕە بووە و تەلەفۆنەکەی داخستووەتەوە".
سەرچاوەی دووەم دەڵێت "ئەو گفتوگۆیه بەشێوەیەکی ڕێکوپێک نەڕۆیشتووه"، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستووەته ڕوو.
ئەلمۆنیتۆر لە ڕێگەی واتسئەپەوە پەیوەندیی بە سەرچاوەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کردووە، یەکێک لە سەرچاوەکان کە وەک ئەوانی دیکە داوای کردووە ناوی نەهێنرێت بۆ ئەوەی بە ئازادی قسە بکات، وتوویەتى "دەتوانین بڵێین پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستی پێکردووە و بەرپرسان لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبنەوە".