شاسوار عەبدولواحید دەڵێت هەڵەی حیزبەکانی دیکە دووبارە ناکەنەوە بچنە حکومەتی پارتی و یەکێتی

24-10-2024 12:03

پەرەگراف

شاسوار عەبدولواحید ڕایگەیاند، نەوەی نوێ لە هەڵبژاردندا غەدری لێکراوەو ١١٢ سکاڵایان لە ڕۆژی دەنگداندا تۆمارکردووەو ئەو دەنگانەی هێناویانە کەمترە لەوەی چاوەڕوانیان دەکرد، دەشڵێت، هەڵەی حیزبەکانی دیکە دووبارە ناکەنەوەو بەشداری لە حکومەتێکدا ناکەن پارتی و یەکێتی سەرۆکایەتی بکەن.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی تووندی لەو حیزبانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی گرت کە ڕەخنە لە نەوەی نوێ دەگرن و باسلەوەدەکەن "ساختەکاری بۆ نەوەی نوێ کراوە"، وتی "حیزبەکانی دیکە کلکی دەسەڵاتن، بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە هێرش دەکەنەسەر نەوەی نوێ، سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە توانییان دەنگەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە ٣٠٠ هەزارەوە بکەن بە ٦٠٠ هەزار، دەسەڵات ساڵی ٢٠٠٩ کە ئۆپۆزسیۆن لەو پەڕی هێزیدابوو ٧٠ کورسی هەبوو ئێستا ٦٢ کورسی هەیە".

شاسوار عەبدولواحید وتیشی "دەسەڵات و ئەوانەی پیاوی دەسەڵاتن هەموو کارێکیان بێهیواکردنی خەڵکە، دۆڕاوەکان هەموو هەڵبژاردنێک دەکەونە بێهیواکردنی خەڵک، كڕوزانەوەو گریان و بێهیوایی جگە لە گەورەكردنی دەسەڵات هیچ ئەنجامێكی نیە. من ئەگەر بزانم نەوەی نوێ ٤٠ کورسی هێناوەو بۆیکراوە بە ١٦ کورسی بە ئەخلاقەوە واز لە پڕۆسەی سیاسی دەهێنم، ئێمەش توانیومانە لەسەدا ٨٠ی دەنگەکانمان بپارێزین و دەسەڵات تووشی شۆک بووە لەو ڕێژە بەرزەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن".

نەوەی نوێ ئەستێرەی بە گەشیی مایەوەو براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، سەلماندیەوە کە دەنگی یەکەمی بەرەی ئۆپۆزسیۆنە، ئەو جوڵانەوەیە لە هێزی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانەوە بووەتە هێزی سێیەم و تاکە هێزە ژمارەی دەنگەکانی زیاتر لە دوو ئەوەندەی هەڵبژاردنی پێشوو بەرزبووەتەوە.

ئەو جوڵانەوەیە لە ٢٠١٨دا ١٢٧,١١٥دەنگی بەدەستهێناو ٨ کورسی بردەوەو بووە هێزی چوارەمی پەرلەمان، بەڵام ئەمجارە ٢٩٠,٩٩١ دەنگی بەدەستهێناوەو ١٥ کورسی پەرلەمانی دەبێت و هاتووەتە ڕیزبەندی سێیەم هێزی پەرلەمان.

لەبارەی بەشدارییان لە کابینەی نوێی حکومەت، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی "هەڵەی حزبەكانی تر دووبارە ناكەینەوە، لەو حزبانە نین بە دوو سێ پۆست ڕازی بین و بچینە حكومەتەوە دەنگی خەڵک بفرۆشین، ئێمە دەمانەوێت حکومەتێک پێکبێت سەرۆکەکەی لە پارتی و یەکێتی نەبێت".