گۆڕان وەڵامی فراكسیۆنەكەی لە بەغداد دەداتەوە؛ چی دەڵێت لەبارەی كشانەوە لە حكومەت؟

20-08-2020 06:17

پەرەگراف

بزووتنەوەی گۆڕان بە فەرمی وەڵامی بەیاننامەی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد دەداتەوەو لەبارەی داوای كشانەوە لە حكومەت دەڵێت، بەشداریكردن لە حكومەت بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بووە، بۆ ئەمەش گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەكات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی و بە بەشداری هەموان دەدرێت، نەك یەك ئۆرگان.

ئەو وەڵامە لە ڕوونكردنەوەیەكدا هاتووە كە وتەبێژی بزووتنەوەكە ئاڕاستەی ڕایگشتی كردووەو تێیدا ئەوە دەخاتەڕوو، لەناو گۆڕاندا بەردەوام ڕوانین و دیدگای جیاواز ھەیەو ئەوەش سەلمێنەری زیندویەتی دامەزراوەو ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكەیە.

"باڵاترین دامەزراوەی بڕیاردان لە گۆڕان جڤاتی نیشتمانیە. بەشداریكردن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بڕیاری جڤاتی نیشتمانی بوە، بۆ ئەمەش بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام هەڵسەنگاندن دەكات و دوا بڕیار لە جڤاتی نیشتیمانی و بە بەشداری هەموان دەدرێت، نەك یەك ئۆرگان. سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژادنی ناوخۆیی و كۆنفرانسی نیشتمانی ئەوە خواستی زۆرینەی گۆڕانخوازانە و بڕیاری لەسەر دراوە و كاری لەسەر دەكرێت: وتەبێژەكەی گۆڕان وادەڵێت.

دەشڵێت "بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازی لە پێشنیاز و پڕۆژە و دیدگای جیاواز دەكات لە پێناو بەهێزكردنەوەی كاری رێكخراوەیی و پەرلەمانی و حكومی. سوپاس و پێزانینی هەیە بۆ ماندوبونی سەرجەم گۆڕانخوازان لە یانزە ساڵی ڕابردودا و هەمو ئەو پڕۆژانەش بە نیشانەی پەرۆشی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەزانێت".

ئەو وەڵامە دوای ئەوەدێت، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ڕەخنەی لە بەشداریی بزووتنەوەكەیان گرت لە حكومەتی هەرێم‌و بە "شەرمنانە" ناوی برد، داوایكرد بە زووترین كات گۆڕان لەم "بەشدارییە بێكاریگەرییەی" لە دەسەڵات بكشێتەوە و ڕوبكاتەوە جەماوەرەكەی.

بەیاننامەی فراكسیۆنەكە لەبارەی؛ لێبڕینی مووچە لەلایەن حكومەتی هەرێم‌و بەشداریی گۆڕان لە دەسەڵات‌و دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەكەیان بوو، تێیدا داواش دەكات بە زوترین كات لەڕێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی، شەرعییەت بۆ سەرجەم ئۆرگانەكانی گۆڕان بگەڕێنرێتەوە و نوێ بكرێنەوە.

هەروەها لەڕێی ئەنجامدانی كۆنفڕانسی نیشتیمانی دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، گۆڕان كێشە گشتی و تایبەتییەكان بخاتە ناو گفتوگۆی ئەندام و دڵسۆزانی و، جارێكی تر بە گوڕوتینێكی نوێوە درێژە بە ئەركە سەختەكانی لە هەرێمی كوردستان بدات، بەیاننامەكە دەڵێت "بەپێچەوانەوە و گوێنەگرتن لەو داواكاریانە كە بە دیدی ئێمە داواكاریی زۆرینەی هەرە زۆری بنكەی جەماوەریی گۆڕان و شەقامە، لەگەڵ بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان دەمانگەیەنێتە بنبەست".

ئەو هەڵوێستە لەكاتێكدایە پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، پرسی كشانەوە لە حكومەت خراوەتە سەرمێزی گفتوگۆ ناوخۆییەكانی ئەو بزووتنەوەیە، بەڵام "هێندە بەهێز نییە جێبەجێ بكرێت".