پەیامێکى گرنگ لە ئۆجەلانەوە

24-10-2024 01:40

پەرەگراف

جارێكی دیكە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامی "چارەسەری سیاسی" و ئاشتییانە بۆ كێشەی كورد ئاراستەی دەسەڵاتدارانی توركیا دەكات. ئەمەش وەكوو وەڵامێكی ئەرێنی بۆ ئەو دۆخەی لە توركیا هاتووەتە ئاراوە، كە پارت و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە باس لە چارەسەری كێشەی كورد دەكەن.

ئۆجەلان لە پەیامێكی كورتدا دەڵێت "گۆشەگیری بەردەوامە، بەڵام ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراكتیكیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێكدادان و توندووتیژییەوە بۆ زەمینەیەكی یاسایی و سیاسی بگۆڕم".

ڕێبەری زیندایكراوی پەكەكە ئەم پەیامەی بە عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەمپارتی و برازای خۆیدا ئاراستەی "ڕایگشتی" كردووە.

پاش چوار ساڵ و حەوت مانگ گۆشەگیری، جارێكی دیكە ڕێگە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە دوورگەی ئیمراڵی درا كە كەسوكاری ببینێت. ئەم دیدارە بە دیدارێكی سیاسی دادنرێت، بەتایبەت كە ماوەیەكە هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەری هەڵداوەتەوە و هەموان پێشوازیی لێ‌ دەكەن، بەڵام هێشتا هەڵوێستی سەركردەكانی پەكەكە لە قەندیل ڕوون نییە.

عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەمپارتی و برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەمڕۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس ڕایگەیاند "ڕۆژی 23ـی تشرینی یەكەم لە زیندانی ئیمراڵی دیدارێكی خێزانیم لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان ئەنجام دا"، وەكوو خۆی دەڵێت "بە گشتی تاوتوێی پێشهاتە سیاسییەكان"یان كردووە.

دوایین دیداری خێزانەكەی لەگەڵ ئۆجەلان، لە ڕۆژی 3-3-2020 ئەنجام دراوە، دوای ئەوە تەنیا یەك پەیوەندیی تەلەفۆنی لەلایەن محەمەد ئۆجەلانی برای لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام دراوە، ئەویش لە 25-3-2021 بووە.