كۆمەڵی دادگەری تاوتوێی بژاردەی نەچوونە پەرلەمان دەكات

24-10-2024 04:02

پەرەگراف

كۆمەڵی دادگەری سێیەم ڕاگەیەندراوی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە بڵاو كردەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەكانی، ئەو حیزبە لە گومانی بوونی "ساختەكاری"ـەوە گەیشتووەتە دڵنیایی كە "بەمەبەست و بەرنامەبۆداڕێژراو، دەنگی كۆمەڵ پووچەڵ كراوە، یان بۆ لایەنی تر هەژمار كراوە". بۆیە ئێستا تاوتوێی بژاردەی نەچوونە پەرلەمان دەكات.

ئەمڕۆ 24-10-2024، ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، ڕایگەیاند "ئەم ساختەكارییە لای ئێمە قبووڵكراو نییە و هەڵوێستی جدیمان دەبێ، لە كۆمیسیۆن و دادگای فیدراڵی سكاڵا تۆمار دەكەین"

سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەری بە پەرەگرافی وت "ئەگەر سكاڵاكان ئەنجامی ئەرێنییان نەبێت و ئەنجامی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا پەسەند بكرێت، كۆمەڵ قبووڵى ناکات و بەشداری لە پەرلەمان ناكات".

سەرەتا لە 21-10-2024 كە یەكەم ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن بوو، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی كۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند "هەندێك زانیاریمان (لەبارەی بوونی ساختەكاری) لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵی ‏لێكۆڵینەوەین، پاش تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان هەڵوێستی خۆمان ‏ڕادەگەیەنین".

دواتر لە ڕۆژی سێشەممە 22-10-2024، ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان ڕایگەیاند "هەرگیز ئەو ڕێژە دەنگە كەمە هی ئێمە نین و ئەو ئەنجامە ڕەت دەكەینەوە، لای خۆمانەوە بەدواداچونی ورد دەكەین لە شێوازی ساختەكارییەكانی ئەم هەڵبژاردنە".

"بەڵگەكان كۆدەكەینەوە و سكاڵا تۆمار دەكەین، دڵنیاین ئەو دەنگانە بەدەر لە ئیرادەی دەنگدەر دیزاین كراون"، ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان وا دەڵێت.

كۆمەڵی دادگەری كە لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان حەوت كورسیی بەدەست هێنا، لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی بۆ سێ‌ كەم بووەتەوە و ژمارەی دەنگەكانیشی بۆ نیوە دابەزیوە.

جگە لە كۆمەڵی دادگەری، شەش حیزبی دیكە و زۆرینەی كاندیدە سەربەخۆكانیش لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی نین، زۆرینەیان پێیان وایە "ساختەكاریی گەورە و بەرنامەبۆداڕێژراو بە پاڵپشتیی دەرەكی بۆ بەرژەوەندیی چەند حیزبێك" ئەنجام دراوە.

هەرچەندە ئەو حیزبانە باس لە بوونی "دەیان بەڵگە و نەموونە"ـی ساختەكاری دەكەن، بەڵام هێشتا بەڵگەی سەلمێنراو نییە و كۆمیسیۆنیش ڕەتی دەكاتەوە ساختەكاری كرابێت.