لاهور شێخ جەنگی: بێ ئەوەی سازش بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی و ناوخۆیی بکەین پیلانەکانی دژ بە بەرەی گەلمان تێپەڕاند

25-10-2024 10:24

پەرەگراف

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت: تەونی ئەو پیلان و دژایەتیانەی کە دژ بە بەرەی گەل چنرابوون، بێ ئەوەی سازش و تەنازول بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی و ناوخۆیی بکەین سەربەرزانە تێمان پەڕاند.

ئەو وتانەی سەرۆکی بەرەی گەل لە کۆبوونەوەیدا بووە لەگەڵ کاندیدانی لیستەکەی و دەشڵێت "سوپاسم کردن بۆ ماندووبون و ئازایەتی و بوێریان، دڵ خۆشبووم بەوەی هەموویان پڕ ئیرادە و پڕ ورە بوون، شانازیم پێوە کردن کاتێک بینیم دڵسۆزی و هۆشیاری و رۆحی بەرپرسیارێتیان هێندە بەرزە کە هیچ پیلان و دیزانێکی پێش وەختە لە خزمەتی بەرەی گەل و پشتیوانی بەرەی گەل ساردیان ناکاتەوە".

سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت "بەو هاورێیانەمم ڕاگەیاند؛ ئێوە هەمووتان خاوەنی بەرەی گەلن و بەرپرسیار و سەرکردەن لەم هێزە سیاسییە نوێیە، ئەو راستیەم لەگەڵ ئەو خوشک و برا کاندیدانەم دووپاتکردەوە؛ کە بەرەی گەل لە هەموو پیلانێک گەورەترە و نەیارەکانمان لەهەموو کەس باشتر قەبارەی جەماوەری و سەنگی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئێمە دەزانن".

"هەموان جەختمان لەوە کردەوە؛ رێگاکەمان گوڵ رێژ نییە و نەفەسی بەردەوامیمان درێژە و ئیرادەشمان لە هەموو کات پتەوترە بۆ بەگژداچونەوەی ستەمکاری و گەندەڵی و خۆسەپێنی" لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.

بەرەی گەل بە سەرۆکایەتی لاهور شێخ جەنگی حیزبی نوێ و دیاری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، ئەوان بە گوڕوتینەوە ئەسپی خۆیان تاوداو چاویان لەسەر کۆکردنەوەی دەنگی ناڕازی و بایکۆت بوو لە دەوری خۆیان بە دەنگی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی وەک نەوەی نوێ-شەوە.

هەرچەندە لەم هەڵبژاردنەدا ڕێژەی بەشداریی بەرزبوو کە گەیشتە لەسەدا ٧٢، بەوەش زۆربەی دەنگدەران کە پێشتر لە بەرەی بایکۆت بوون چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام پێشبینی و چاوەڕوانییەکانی بەرەی گەل نەیپێکاو ئەو حیزبە بە ٣٣,٣٦٥ دەنگ ٢ کورسی لە خولی نوێی پەرلەمانی کوردستاندا دەبێت.