پەکەکە بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ئەنقەرەی لە ئەستۆ گرت

25-10-2024 12:02

پەرەگراف

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نە.پە.گە) کە سەر بە هێزەکانی پاراستنی گەل(هە.پە.گە-باڵی سەربازیی پە.کە.کە)یە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەنقەرەی لە ئەستۆ گرت و دەڵێت "چالاکییە فیداییەکە لە دژی ناوەندنی توساش لە ئەنقەرە لە لایەن تیمێکی سەربەخۆی تابووری نەمرانەوە ئەنجامدرا".

ڕۆژی 23-10-2024 دوو چەكدار هێرشیان كردە سەر كۆمپانیایەكی بواری فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانیی توركیا، پاش كوشتنی چوار كەس و برینداركردنی 14 كەسی دیكە، وەزیری ناوخۆی توركیا كوژرانی چەكدارەكانیشی ڕاگەیاند.

هێرشەكە كرایە سەر دامەزراوەی پیشەسازیی فڕۆكەوانی و بۆشایی ئاسمانیی (توساش) لە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، کە كۆمپانیایەكی پەیوەست بە پیشەسازیی بەرگریی توركیایە، لە بواری بەرهەمهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جەنگی و هێلیكۆپتەر، سیستمی بۆشایی ئاسمان و مانگی دەستكرد كار دەكات.

وەكوو لە كامێراكانی چاودێرییەوە دەركەوت، دوو چەكدار كە یەكێكیان ژن و ئەوی دیكەیان پیاو بوو، لە ئۆتۆمبێلێك دادەبەزن و دەست بە دەستڕێژی گوللە لە كەسانی ئەو شوێنە دەكەن، پاشان دەچنە ژوورەوە.