عەلی حەمەساڵح دوای كۆبوونەوە لەگەڵ عەلی باپیر: ڕەتکردنەوەی پەرلەمانی ساختە ئامانجی هاوبەشمانە
پەرەگراف
شاندێکی ڕەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتەکە، لە هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کۆبووەوە. عەلی حەمەساڵح "ڕەتکردنەوەی پەرلەمانی ساختە ئامانجی هاوبەشمانە".
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت "تاتوێی ئەو ساختەکارییە گەورەمان کرد کە لێمان کراوە".
عەلی حەمەساڵح دەشڵێت "ڕەتکردنەوەی پەرلەمانی ساختە و دەنگی ساختە، ئامانجی هاوبەشمانە".
هەر لە دوای ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوە، ئەمشەو 25-10-2024، سەردار قادر، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، ڕایگەیاند "ئێمە ناچینە ناو پەرلەمانێکی دیزاینکراو، ناچینە پەرلەمانێک کە دەنگەکان بە دزی و گەندەڵی هاتبن".
هەریەک لە ڕەوتی هەڵوێست چوار کورسی و کۆمەڵی دادگەری سێ کورسییان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەدەست هێناوە، بەڵام هەردوولا دەڵێن "ساختەکاریی گەورە و ڕێکخراو" ئەنجام دراوە و هەڵبژاردنەکە "دیزاینکراو" بووە.
جگە لەم دوو حیزبە، بەرەی گەل، یەکگرتووی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی، بزووتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانیی نیشتمانی و زۆرینەی کاندیدە سەربەخۆکانیش ڕەخنەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە.
زۆرینەی ئەو لایەنانە باس لە "ساختەکاریی گەورەی ئەلیکترۆنی" لە ئەنجامەکان و "هەڵبژاردنی دیزاینکراو لە دەرەوە" دەکەن، هەروەها باس لە بوونی بەڵگە و تۆمارکردنی سکاڵا دەکەن، بەڵام هێشتا بەڵگەی تەواو نییە و کۆمیسیۆنیش ڕەتی دەکاتەوە ساختەکاری کرابێت.
دوێنێش ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند كە تاوتوێی بژاردەی نەچوونە پەرلەمان دەكات.
سەرچاوەیەك لە كۆمەڵی دادگەری بە پەرەگرافی وت "ئەگەر سكاڵاكان ئەنجامی ئەرێنییان نەبێت و ئەنجامی هەڵبژاردن بەم شێوەیەی ئێستا پەسەند بكرێت، كۆمەڵ قبووڵى ناکات و بەشداری لە پەرلەمان ناكات".
ئێوارەی 22-10-2024، چوار حیزب كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و پێكەوە ڕێككەوتن لەسەر كۆكردنەوەی "بەڵگەكانی ساختەكاری" لە هەڵبژاردن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی.
هەرچوار لایەنی هەڵوێستی نیشتمانی، بەرەی گەل، كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی پاش كۆبوونەوە لە بارەگای ئەنجوومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە سلێمانی، ڕایانگەیاند "ئەو دەنگانەی بۆمان هاتووەتەوە، دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نییە".
تا ئێستا جگە لە كۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێست، هیچ كام لەو لایەنانەی كە ڕەخنەیان لە ئەنجامی هەڵبژاردن هەیە، باس لە بایكۆتكردنی پەرلەمان ناكەن.