پەرەگراف
لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كە ژمارەیەك بنكەی سەربازی كرانە ئامانج، ئێران تەنیا كوژرانی "دوو سەرباز"ـی ڕاگەیاندووە و دەشڵێت "زیانی سنووردار"ـی هەبووە. ئێران بە هێرشەكە ڕازییە و تەنیا لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی دیكەدا هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەكات. بەپێی میدیای ئەمریكایش، ئیسرائیل پێشوەختە ئاماژەی لەسەر ئەنجامدانی هێرشەكە بۆ ئێران ناردووە.
ئۆپەراسیۆنەكە لەژێر ناوی "ڕۆژانی تەوبەكردن" لە كاتژمێر 2:15 بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە كاتی ئێران و 1:45 بە كاتی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی "دەیان فڕۆكە" دەستی پێ كرد و چەند كاتژمێرێك بەردەوام بوو.
سوپای ئیسرائیل لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە ڕایگەیاند، لە وەڵامی چەند مانگێك لە هێرشی بەردەوامی ئێران دژی ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانیی "ورد"ـی كردووەتە سەر ژمارەیەك ئامانجی سەربازی لە ئێران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی دامەزراوەی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، ئۆپەراسیۆنەكە "چەند بنكەیەكی سەربازیی لە پارێزگاكانی تاران، خوزستان و ئیلام" كردووەە ئامانج.
بەرگریی ئاسمانیی ئێران دەشڵێت "بەرپەرچدانەوەی هێرشەكە لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانەوە سەركەوتوو بووە و زیانێكی كەم و سنووردار بە هەندێك شوێن گەیشتووە كە قەبارەكەی لەژێر لێكۆڵینەوەدایە".
پاش ئۆپراسیۆنەكە، سوپای پاسـ.ـدارانی ئێران ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی بەرگری لە سەروەریی ئێران و ڕێگری لە زیانگەیاندن بە میللەت و بەرژەوەندییەكانی ئێران، دوو سەربازمان لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی مووشەكەكانی ڕژێـ.ـمی تاوانكاری زایـ.ـۆنی (ئیسرائیل) شەهید بوون".
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشیان كردووەتە سەر "ئەو دامەزراوانەی كە مووشەكیان لە دژی ئیسرائیل بەرهەم دەهێنا". سوپای ئیسرائیلیش هەڕەشەی ئەوەی كرد كە "ئەگەر ئێران هەڵەیەك بكات و گرژییەكان زیاد بكات، ئێمەش ناچارین وەڵام بدەینەوە".
لە كاردانەوەی هێرشەكەدا، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەڵێت ''هەر دەستدرێژییەكی ڕژێمی زایۆنی بە توندترین شێوە وەڵام دەدرێتەوە''.
بەپێی ئاژانسە جیهانییەكانی هەواڵ، پێشتر ئێران هۆشداریی داوە لە فرانبوونی شەڕ لە ئەگەری كردنە ئامانجی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی و دامەزراوەكانی وزە، پەیامی بە تەلئەبیب داوە كە تەنیا لە ئەگەری كردنە ئامانجی پێگە سەربازییەكانیدا وەڵامی هێرشەكە ناداتەوە.
میدیای ئەمریكا بڵاوی كردووەتەوە، "ئیسرائیل لە ڕێگەی چەند لایەنێكەوە لەوانە كاسپەر ڤێڵدكامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەن، ئاماژەی بە ئێران دابوو كە چاوەڕوانی هێرش بێت".
ئەگەرچی هێشتا قەبارەی زیانەكانی هێرشەكە بە تەواوی نەزانراون، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە هێرشەكە هیچ دامەزراوەیەكی وزە و ئەتۆمیی ئێرانی نەكردووەتە ئامانج كە هێڵی سووری ئێران بوون، بۆیە چاوەڕوان ناكرێت ئێران هیچ وەڵامێكی هەبێت.
پاش هێرشەكەش، شۆن سیڤیت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن داوای لە ئێران كرد "هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت، بۆ ئەوەی ئەو زنجیرە هێرش و هێرشكارییە بەبێ تێكچوونی دۆخەكە كۆتاییان بێت".