ترەمپ‌و كازمی چۆن باسی هێرشەكانی توركیایانكرد بۆسەر هەرێمی كوردستان؟

20-08-2020 08:20

پەرەگراف

مستەفا كازمی ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە كۆشكی سپی ئەمریكاو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ كۆبووەوە، پرسی كورد‌و هێرشەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەشێك بوو لە گوتەكانی كازمی‌و ترەمپ بۆ ڕۆژنامەنووسان.

سەرۆكی ئەمریكا تەئكیدی لەوەكردەوە وڵاتەكەی بەلایەوە گرنگە عێراق بتوانێت سەقامگیریی خۆی دابین بكات، لەوەڵامی پرسیارێك لەبارەی هێرشەكانی توركیاو پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، ترەمپ ئاماژەی بەوەكرد كازمیی هیچ شتێكی لەوبارەیەوە بە ئەو نەگوتووە.

ترەمپ وتی، ئەگەر داواكارییەك لەوبارەیەوە هەبێت ئەو گوێی بۆ دەگرێت، "دەبێت عێراق بە دیاریكراوی داوایەك پێشكەش بكات، بەدڵنیاییەوە من گوێ لە سەرۆكوەزیران دەگرم، ئەگەر هاتوو ئەو داواكارییەی كرد، پاشان ئێمە سەیری داواكارییەكە دەكەین".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد، پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ كورد هەیەو هاوكارو هەماهەنگی یەكتر بوون لە تێكشكاندنی داعش.

لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان لە عێراق، سەرۆكی ئەمریكا سووربوونی خۆی پیشاندا لەسەر كشانەوەو وتی، هەركاتێك بزانن عێراق دەتوانێت خۆی بپارێزێت دەكشێنەوەو ئەو هێزانەشی ئێستا لە عێراقدا ماونەتەوە گرێدا بە هەڕەشەی ئێرانەوە.

هاوكات مستەفا كازمی تەئكیدی لەوە كردەوە، دەستدرێژییەكانی توركیا بۆسەر عێراق ڕەتدەكەنەوە‌و ئەوەی خستەڕوو، گفتوگۆیان لەگەڵ توركیا هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارودۆخەو وەستاندنی هێرشەكان.

سەرۆك وەزیرانی عێراق وتیشی، من بە پەرۆشم بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە كە تایبەتە بە سەروەریی عێراق، دەزانم توركەكان بارودۆخی عێراق لەبەرچاو دەگرن، ئێمە ڕێگە نادەین هیچ لایەنێك لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە دراوسێكانی بكات، بەدیاریكراوی كە دەستووری عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە كە نابێت لە خاكی عێراقەوە هیچ هەڕەشەیەك لە دراوسێكانی بكرێت.

كازمی بۆ قۆناغی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی ئەمریكاو عێراق لە واشنتۆنە، هەردوو وڵات لەبارەی چەندین پرسی جیاواز گفتوگۆ دەكەن‌و ڕێككەوتن‌و لێكتێگەیشتن لەنێوانیاندا واژۆ دەكەن بەتایبەت لە بوارەكانی؛ نەوت‌و وزە، تەندروستی، خوێندن‌و پەروەردە‌و ڕۆشنبیری.