پەرەگراف
بانکی بازرگانی عێراقی(تی بی ئای) ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی، دەروازە بۆ فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی دەکاتەوە کە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دەداتە گەشتیاران و هەر گەشتیارێک تا ٣ هەزار دۆلاری پێدەدرێت.
بانکەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، پێویستە گەشتیار بەرلە ڕۆژی گەشتەکەی پارەی پێویست بە دینار لە یەکێک لە لقەکانی بانکەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک یان نەینەوا دابنێت، تا لە رۆژانی داهاتووداو لەکاتی گەیشتەکەیدا لە فڕۆکەخانە دۆلاری بە نرخی فەرمی پێبدرێت.
گەشتیار پێویستە عێراقی بێت و 18 ساڵی تەواو کردبێت، پاسپۆرت، کارتی زانیاری، ڤیزە و تکتی فڕۆکەی پێبێت، تەنیا ئەو گەشتیارانەش دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەکانەوە گەشت دەکەن نەک لە دەروازە سنورییەکانەوە.
پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە گەشت بۆ ئەو وڵاتانە دەکەن کە لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان لەوانەش؛ ئێران، رووسیا، سووریا و لوبنان.