لەسەر چوونە پەرلەمان 'بۆچوونی جیاواز' لەناو ڕەوتی هەڵوێستدا هەیە؛ بڕیار بە 'دەستەجەمعی' دەدرێت
پەرەگراف - سەنگەر سالار
بۆچوونی جیاواز لەناو ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بۆ بڕیاردان لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە پەرلەمانی كوردستان هەیە. كاندیدێكی دەرچووی ڕەوتەكە دەڵێت "نابێت لە بڕیارداندا پەلە بكەین". وتەبێژی ڕەوتەكەیش ڕایدەگەیەنێت "لە كۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕەوتی هەڵوێستدا بڕیاری كۆتایی دەدرێت".
هەڵوێستی ئێستاى ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی جیاوازیی لەگەڵ لێدوانەكانی پێشووی بەرپرسانی ڕەوتەكە هەیە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاردەر و وتەبێژی ڕەوتەكە ڕایانگەیاند "ناچینە پەرلەمانی ساختە"، ئەوەش نیگەرانیی لای هەندێك لە سەركردەكانیان دروست كرد و داوایان كرد ئەو بڕیارە بە "دەستەجەمعی" بدرێت.
دەستەی بەڕێوەبەریی ڕەوتی هەڵوێست كە لە شەش ئەندام پێك دێت، لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە، هێشتا كۆنەبووەتەوە و هەڵوێستی هاوبەش لەناو ڕەوتەكەدا دروست نەبووە.
بەدەل بەرواری، كاندیدی دەرچووی ڕەوتی هەڵوێست لە بازنەی پارێزگای دهۆك، بۆچوونێكی جیاوازی هەبوو، پێشتر ڕایگەیاند "ڕەوتی هەڵوێست ئەگەر یەك كورسیش بەدەست بهێنێت، دەچێتە پەرلەمان".
بەدەل بەرواری كە هاوكات ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕەوتی هەڵوێستە، بە پەرەگرافی وت "نابێت هیچ بڕیارێك لەبارەی چوونە پەرلەمان یان نەچوون بدەین و نابێت پەلە بكەین، دەبێت چاوەڕێ بین تا ئەوكاتەی كۆمیسیۆن ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەیەنێت".
پاش نیگەرانییەكان كە وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست بە "بۆچوونی جیاواز" ناوی دەبات، سەركردەكانی ڕەوتی هەڵوێست كۆدەنگییان دروست كردووە لەسەر ئەوەی كە بە "دەستەجەمعی" بڕیار بدەن.
هەر بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییە ناوخۆییەكانی ڕەوتەكە، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، دەستەواژەیەكی لە نووسینێكیدا لە فەیسبووك سڕییەوە. ناوبراو ڕۆژی 25-10-2024 پاش كۆبوونەوە لەگەڵ عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، ڕایگەیاند "ڕەتكردنەوەی پەرلەمانی ساختە ئامانجی هاوبەشمانە"، بەڵام دواتر دەستەواژەی "ئامانجی هاوبەش"ـی سڕییەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 27-10-2024، سەردار قادر، وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست، بە پەرەگرافی وت "سەرجەم ڕێكارەكان لە كۆكردنەوەی بەڵگە و تۆماركردنی سكاڵا دەگرینە بەر، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن و وەڵامدانەوەی تانە و سكاڵاكانمان، ئێمەش بڕیار دەدەین".
وتەبێژی ڕەوتی هەڵوێست دەشڵێت "بڕیاردان لەبارەی بەشداركردن یان نەكردن لە پەرلەمانی كوردستان، لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی ڕەوتەكەوە دەدرێت كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، كۆدەبێتەوە".
بەدەل بەرواریش هەمان بۆچوونی هەیە و بە پەرەگرافی وت "دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی، دەبێت ڕەوتی هەڵوێست بە دەستەجەمعی بڕیار لەبارەی بەشداریكردن یان نەكردن لە پەرلەمان بدات".
بەپێی ئەنجامی بەرایی كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا چوار كورسیی بەدەست هێناوە. بەڵام ڕەوتەكە ئەو ئەنجامە ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "ساختەكاریی گەورە بە هاوكاریی وڵاتانی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی سێ حیزبی براوە ئەنجام دراوە و دەنگەكانی ڕەوتی هەڵوێست دزراوە".
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، پارتێكی نوێیە و لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتار و كەسایەتیی سیاسی دامەزراوە. ڕۆژی 18-3-2024 یەكەم كۆنگرەی خۆی بەست و تێیدا عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، بە بڕیاردەری ڕەوتەكە هەڵبژێردرا كە ڕۆڵی سەرۆك دەگێڕێت.
دەستەی بەڕێوەبەریی ڕەوتی هەڵوێست كە هاوئاستی مەكتەبی سیاسییە، پێك دێت لە عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتەكە، هەریەك لە سەردار قادر، غالب محەمەد، ڕێبوار كەریم، بەدەل بەرواری و شێروان شێروانی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرین.