شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی كەی تەواو دەبێت؟ كێشەكانی بەردەم پڕۆژەكە چارەسەربوون؟

20-08-2020 09:28
كاركردن لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی. وێنە؛ كۆمپانیای قەیوان.

پەرەگراف

كاركردن لە پڕۆژەی دروستكردنی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بەردەوامەو كۆمپانیای قەیوان كە پڕۆژەكە جێبەجێ دەكات دەڵێت، كێشەكانی بەردەم پڕۆژەكە چارەسەر بوون‌و بەرلەوادەی خۆی قۆناغی یەكەمی شەقامەكە تەواو دەبێت.

فاخر شێخ تەیب، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە بارەی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی شەقامی 100 مەتريی سلێمانی(شاڕێی بابان) ڕایگەیاند، لەئێستادا پڕۆژەكە كاركردن تێیدا بەردەوامە، دەڵێت "ئەو كێشەو گرفتانەشی لەبەردەم پڕۆژەكەدا لە ماوەی ڕابردوو دروست بووبوون؛ بەخۆشحاڵیەوە چارەسەركراون".

بۆچارەسەكردنی كێشەكان كە دیارترینیان خاوەنداریی زەوی‌و زەوی كشتوكاڵیی ئەو ناوچانەیە كە شەقامەكەی پێدا تێدەپەڕێت، لیژنەیەك لە سلێمانی پێكهێنراوە كە پارێزگار سەرپەرشتی دەكات‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تێدایە.

قۆناغی یەكەمی شەقامەكە 32 كیلۆمەترە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان باس لەوە دەكات، لەئێستادا 15 كیلۆمەتری شەقامەكە "كاركردن بەشێوەیەكی زۆرباش تێیدا بەردەوامەو بەپێی ئەو پلانەش كە بۆی دانراوە پێش وادەی دیاریكراوی خۆی پڕۆژەكە تەواو دەبێت".

وادەی تەواوبوونی ئەو قۆناغەی پڕۆژەكە 3 ساڵەو لە 11ی مانگی ڕابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دانرا، بە تێچووی 400 ملیار دینار، كۆمپانیای قەیوان بە 100 ملیار دیناری خۆی دەستی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كردووە كە وەك قەرز لەسەر حكومەت دەبێت، دواتر حكومەت پارە دەداتە قەیوان گروپ بۆ تەواوكردنی كارەكانی.

فاخر شێخ تەیب تەئكید لەوەش دەكاتەوە، سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و وەزیری شارەوانی لەنزیكەوە چاودێریی پڕۆژەكە دەكەن، "دەیانەوێ لەوادەی خۆی و بێ هیچ كێشەو گیروگرفتێك پڕۆژەكە سەركەوتن بەدەستبهێنێ و نەوەستێت لە كارەكانیدا".

تەواوی شەقامی 100 مەتریی سلێمانی 146 كیلۆمەترەو لە قۆناغی یەكەم كە درێژییەكەی 32 كیلۆمەترە لە تاسڵوجەوە دەست پێدەكات تا گوندی دەمركان(نزیك بازگەی عەربەت-سلێمانی)، قۆناغی دووەمیش لە عەربەتەوە دەست پێدەكات تا تونێڵی پێشڕەو لە چیای ئەزمڕ، قۆناغی سێیەمیش لە چیای ئەزمڕەوە تا تاسڵوجە.