مەسعود حەیدەر: پێدانی مووچە تەنها لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت

28-10-2024 09:40

پەرەگراف

مەسعود حەیدەر بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت: پێدانی مووچە تەنها لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگی تەواویان هەیە لەو بارەیەوە.

"پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێم ئەم بابەتە بە دووربگرن لە ململانێی سیاسی و یاریکردن بە سۆزی مووچەخۆرانەوە. هیج دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات" مەسعود حەیدەر وادەڵێت.

دەقی روونكردنەوەی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هەژماری من و توطين

١- هەژماری من و توطين یەک پرۆسەن، کە دەبێتە بە بانکی کردنی مووجە لە کەرتی گشتى بێت یان کەرتی تایبەت لە بانکە حکومێکان یان بانکی تایبەت.

٢-بە پێ ی ماددەکانی ١١٧ و ١٢١ ی دەستووری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، هیج دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات.

٣- دادگای باڵای فیدراڵی مووچەو شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوورخستۆتەوە لەهەموو گرفتێک و حکومەتی  فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی وەکو هەموو دامودەزگاکانی تری عێراق.

لە روونکردنەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی هاتووە کە بە بانکی کردن ( هەژماری من ، توطين يان هەر ناوێکی تر) مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکرێت لە هەر بانکێک بێت کە رێگەپێدراو بێت لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.

٤- ئیجرائاتی حکومەتی هەرێم بۆ بەبانکیکردنی مووچەی هەرێم، کارێکە لە خزمەت مووچەخۆران و ئابووری هەرێم و جێ بە جێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵیە، زۆرێک لە فەرمانبەرانی عێراقیش مووچەکانیان لە بانکە ناحکومییەکانە.

٥- پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێم ئەم بابەتە بە دووربگرن لە ململانێ ی سیاسی و یاریکردن بە سۆزی مووچەخۆرانەوە.   

پێدانی مووچە تەنها لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت و هەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و هەرێم هەماهەنگی تەواو هەیە لەو بارەیەوە.

مسعود حيدر

٢٠٢٤/١٠/٢٨