داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی دەگرێتەبەر بەرامبەر هەرکەسێک کە ڕێگری لە تیمەکانی هەژماری من بکات

28-10-2024 02:40

پەرەگراف

لەسەر داوای حکومەتی هەرێم، کاوە فەتحی سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی "نهێنی و بەپەلە" داوای لە فەرمانگەکانی داواکاری گشتی لە سلێمانی، راپەڕین، هەڵەبجە و گەرمیان کرد رێکاری یاسایی بگرنەبەر بەرامبەر هەر کەسێک "رێگری دەکات لە کارکردنی تیمەکانی هەژماری من".

نووسراوەکەی سەرۆکی داواکاری گشتی دوێنێ دەرچووەو وەڵامە بۆ نووسراوێکی هەمان ڕۆژی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کە بۆ داواکاری گشتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی ناردووەو داوایکردووە رێکاری پێویست بگرنەبەر بەرامبەر ئەوانەی کە رێگری لە کارکردنی تیمەکانی هەژماری من دەکەن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.

ئومێد سەباح لە نووسراوەکەیدا دەڵێت "وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجامبدات بە وەرگرتنی رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی کە رێگری دەکەن لە کارمەندانی هەژماری من."

پرۆژەی هەژماری من بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی مووچە كە بیرۆكەكەی هی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمە، چەند ساڵێكە كاری لەسەر دەكرێت و لە سەرتاسەری هەرێم زیاتر لە ٦٠٠ هەزار مووچەخۆر بەشدارییان تێدا كردووە، بەڵام بەشێک لە مووچەخۆرانی سنووری ئیدارەی یەكێتی پڕۆژەكە ڕەت دەكەنەوە و داوای جێگیركردنی مووچەكانیان لە بانكە فیدراڵییەكانی عێراق دەكەن، ڕەتکردنەوەی هەژماری من بەشێک بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی داوای لە مووچەخۆران کرد بەشداری تێدا نەکەن.

بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەكێك لە "بانكە فیدراڵییە حكومییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم" جێگیر بكرێت، كە هەریەك لە بانكەكانی "ڕەشید، ڕافیدەین و بانكی بازرگانیی عێراق (TBI)" بۆ ئەو مەبەستە دیاری كراون.

هەرچەندە دادگای فیدراڵی سێ‌ مانگی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دیاری كردبوو، بەڵام جێبەجێ‌ نەكرا. حكومەتی هەرێم ڕەتی كردەوە و داوای كرد بەغدا دان بە (پرۆژەی هەژماری من)ـدا بنێت بۆ بەبانكیكردنی مووچە.

سەرەتا وەزارەتی دارایی عێراق كاركردن بە پرۆژەی (هەژماری من)ـی ڕەت كردەوە، بەڵام دوای هەوڵەكانی مەسروور بارزانی و شاندەكانی حكومەتی هەرێم، ئەگەرچی بەغدا بە فەرمی دانی بە هەژماری مندا نەناوە، بەڵام پرۆژەی هەژماری من بەردەوامەو بانکی تی بی ئای چووەتەناو پڕۆژەکەوە، ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران بە ئەلیکترۆنی مووچە وەربگرن.

چەند ڕۆژێکە لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کار بە پڕۆژەی هەژماری من ناکرێت و ڕاگیراوە، ئەوەش وایکردووە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە ئاڵۆزی و ناڕوونی ماوەتەوە، مووچەخۆران بەشێكیان بەشدارییان لە هەژماری مندا كردووە و بەشەكەی دیكەی چاوەڕێی تەوتینكردنن لە بانكە فیدراڵییەكان، بەڵام هێشتا هیچ ڕێكارێك تەوتین نەگیراوەتە بەر.