پەرەگراف
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی تەوتین و هەژماری من بڵاو دەكاتەوە و ڕایشیدەگەیەنێت "پرۆژەی هەژماری من لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی دراوە كە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەیرانیش بەشدار بووە و بە كۆی دەنگ بڕیارەكە دراوە".
هەروەها جەخت دەكاتەوە كە "پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەردەوام بن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هەژماری من بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران".
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری:
ماوەیەكە پرسی بەبانكیكردن و پێدانی مووچە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێكدانەوەی بۆ دەكرێت، بەپێویستمان زانی هەندێك بەرچاوڕوونی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو لەبارەی ئەم بابەتەوە.
١- پرسی دابەشكردن و سەرپەرشتیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەكانی سیستەمی فیدراڵی لەدەسەڵات و تایبەتمەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستانە، دەستوری هەمیشەیی عێراق لەمادەكانی ( ١١٦ ، ١١٧ ، ١١٨ ، ١١٩ ، ١٢٠ ، ١٢١ ) سەرجەم دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستانی دیاریكردووە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی هاوڵاتیانی خۆی.
٢- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەكی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حكومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ.
٣- بۆ ئاگاداری هەموو لایەك وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ ڕێككەوتوون تا كۆتایی ئەمساڵ سەرجەم كێشە تەكنیكیەكانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكەن، هەموو هەوڵێكی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوور خستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو كێشە و ململانێیەكی سیاسی.
٤- ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی كۆنووسی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ١١٣ ) لەڕۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ) لەبڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە كە پێكهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەكان، بە كۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوەكرایەوە كە سەرجەم وەزارەتەكان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیكردنی خزمەتگوزاریەكان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بكەن، كە ئەوەش دەبێتە بنەمایەك بۆ بنیاتنانی ژێرخانێكی بەهێزی دارایی و كاراكردنی سیستەمی بانكی لە هەرێمی كوردستان، كەدەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری.
٥- بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بەنووسراوی ژمارە ( ١١١/ت.ق / ٢٠٢٤/١٤٠٥ ) لەبەرواری ( ٢٠٢٤/٧/٣ ) هەموو ئەو بانكانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانكی ناوەندی عێراقن و سەرجەمیان لەپڕۆسەی ( توطین ) بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ كێشەیەكی یاسایی و تەكنیكی لەبەردەم ئەو بانكانەدا نییە تا پرۆسەی ( توطین ) بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.
شایەنی باسە تا ئێستا نزیكەی ( ٧٠٠،٠٠٠ ) فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ( توطین ) كراون و پرۆسەی بەبانكیكردنیان بۆ ئەنجامدراوە، یەكەم هەنگاوی پڕۆژەی هەژماری من بریتییە لە ( توطین ) واتە بەبانكیكردنی مووچە، مانگی ڕابردووش نزیكەی ( ١٥٣ ) هەزار فەرمانبەر و مووچە خۆر لە ڕێی پڕۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
ڕاشیدەگەیەنین هیچ ڕێگرییەك نییە لەوەی بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەین یان هەر بانكێكی تر بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من ( توطین ) بەمەرجێك لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە ڕێگە پێدراو بێت و مەرجە هونەریەكانی تێدا بێت.
لە كۆتایدا پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم بەردەوامبن لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هەژماری من بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئاماژە پێكراو، تا تەواوبوونی پڕۆسەكە لە ساڵی (٢٠٢٥)دا، یان دەرچوونی بڕیارێكی تر.
هاوپێچ/ دەقی بڕگەی سێیەم لە كۆنووسی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ١١٣ ) لە ڕۆژی ( ٢٠٢٣/٨/٢ ).
وەزارەتی دارایی و ئابووری.
٢٠٢٤/١٠/٢٩