کۆمیسیۆن ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاو کردەوە

30-10-2024 12:32

پەرەگراف

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاند. سەرۆكی كۆمیسیۆنەكە دەڵێت "باشترین هەڵبژاردن بووە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".

لەبارەی قسەی ئەو لایەنانەی كە دەڵێن "هەڵبژاردنێكی دیزاینكراو بووە و ساختەكاریی گەورە كراوە"، عومەر ئەحمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی "ئەوە قسەیەكی بێ بنەمایە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەوە دەكرێت".

سەرۆكی كۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش كرد "بۆ یەكەم جارە لە مێژووی هەموو هەڵبژاردنەكانی عێراقدا داتا و زانیارییەكانی ڕۆژی دەنگدان بە هاردێك بە لایەنەكان دراوەتەوە، كە تەنانەت وێنەی وەرەقەی دەنگدانیشی تێدایە، بۆ ئەوەی وردبینی بكەن و ئەگەر بەڵگەیەكیان (لەسەر ساختەكاری) دەست كەوت تانە لە ئەنجامەكان بدەن".

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە ئەمڕۆ 30-10-2024 كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ئۆفیسی هەولێر ڕایگەیاند، ژمارەی كورسیی لایەنەكان لەگەڵ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە.

بەپێی ئەنجامی كۆتایی، پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگ و كورسیی بەدەست هێناوە، كە ژمارەی دەنگەكانی بریتییە لە 812 هەزار و 794 دەنگ و 39 كورسیی بەدەست هێناوە.

یەكێتیی نیشتمانی پلەی دووەمی لە زۆرترین دەنگ و ژمارەی كورسیدا گرتووە، كە ژمارەی دەنگەكانی 409 هەزار و 548 دەنگە و 23 كورسیی بەدەست هێناوە.

نەوەی نوێ‌ لە پلەی سێیەمدا دێت بۆ زۆرترین دەنگ و كورسی، كە 292 هەزار و 32 دەنگ و 15 كورسیی بەدەست هێناوە.

کورسییەکانى دیکەى پەرلەمان بەمشێوەیە بۆ لایەنەکانى دیکە بوون: یەکگرتوو: 7 کورسى، هەڵوێست: 4 کورسى، کۆمەڵ: 3 کورسى، بەرەى گەل: 2 کورسى، هەریەکە لە گۆڕان و هاوپەیمانیى کوردستانیش یەکى 1 کوسییان بەدەست هێناوە.