پارتى براوەى یەکەمى هەڵبژاردنە؛ دەنگى زیاد کردووە و کورسیى کەم کردووە

30-10-2024 03:44

پەرەگراف

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگ و كورسیی بەدەست هێناوە، بە جۆرێك ژمارەی دەنگەكانی نزیكەی دوو هێندەی براوەی دووەمە كە یەكێتییە.

پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 812 هەزار و 794 دەنگی بەدەست هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەی دەنگەكانی 686 هەزار و 70 دەنگ بوو، ژمارەی دەنگەكانی 126 هەزار و 724 دەنگ زیادی كردووە، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی شەش كورسی كەمی كردووە، لە 45ـەوە بووە بە 39.

هەروەها پارتی لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 43%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە ئەمڕۆ 30-10-2024 لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.

كەمكردنی ژمارەی كورسییەكانی پارتی لەكاتێكدا كە ژمارەی دەنگەكانی زیادی كردووە، پەیوەندیی بە چەند هۆكارێكەوە هەیە، گرنگترینیان دابەشكردنی كوردستانە بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا.

پەرەگراف بە پشتبەستن بە ژمارەی "دەنگە دروستەكان"ـی هەڵبژاردن كە كۆمیسیۆن ڕایگەیاند، لە شیكارییەكدا وردەكاریی ژمارەی دەنگەكانی پارتی و ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەخاتە ڕوو.

دەنگی دروست، مەبەست لەو دەنگانەیە كە بۆ پارت و كاندیدەكان ئەژمار كراون و هیچ كێشەیەكیان تێدا نەبووە، واتە دەنگە پووچەڵەكانی لێ‌ دەركراوە كە ژمارەیان نزیكەی 210 هەزار دەنگە. كۆی دەنگە دروستەكان لەم هەڵبژاردنەدا یەك ملیۆن و 882 هەزار و 448 دەنگ بووە.

دەنگ و كورسییەكانی پارتی

كۆی دەنگە دروستەكانی كوردستان: 1882448
كۆی دەنگەكانی پارتی: 812794
ڕێژەی دەنگەكانی پارتی: 43.17%
ژمارەی كورسییەكانی پارتی: 39

بازنەی پارێزگای هەولێر

ژمارەی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 669273
ژمارەی دەنگەكانی پارتی: 347786
ڕێژەی دەنگەكانی پارتی: 51.96%
ژمارەی كورسییەكانی پارتی: 17

بازنەی پارێزگای سلێمانی:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 626224
ژمارەی دەنگەكانی پارتی: 57916
ڕێژەی دەنگەكانی پارتی: 9.24
ژمارەی كورسییەكانی پارتی: 3

بازنەی پارێزگای دهۆك:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 548015
ژمارەی دەنگەكانی پارتی: 402152
ڕێژەی دەنگەكانی پارتی: 73.38%
ژمارەی كورسییەكانی پارتی: 18

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 38936
ژمارەی دەنگەكانی پارتی: 4940
ڕێژەی دەنگەكانی پارتی: 12.68%
ژمارەی كورسییەكانی پارتی: 1