یەكێتی براوەی دووەمی هەڵبژاردنە؛ دەنگ و كورسیی زیادی كردووە

30-10-2024 04:40

پەرەگراف

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانی دووەم براوەی هەڵبژاردنە. زیاتر لە 400 هەزار دەنگ لەدوای پارتی و زیاتر لە 100 هەزار دەنگیش لەپێش نەوەی نوێوەیە. ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018، زیادی كردووە.

یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 409 هەزار و 548 دەنگی بەدەست هێناوە، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەی دەنگەكانی 319 هەزار و 912 دەنگ بوو، ژمارەی دەنگەكانی 89 هەزار و 636 دەنگ زیادی كردووە، هاوكات ژمارەی كورسییەكانی دوو كورسی زیادی كردووە و لە 21ـەوە بووە بە 23.

هەروەها یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 22%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە ئەمڕۆ 30-10-2024 لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.

پەرەگراف بە پشتبەستن بە ژمارەی "دەنگە دروستەكان"ـی هەڵبژاردن كە كۆمیسیۆن ڕایگەیاند، لە شیكارییەكدا وردەكاریی ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی و ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەخاتە ڕوو.

دەنگی دروست، مەبەست لەو دەنگانەیە كە بۆ پارت و كاندیدەكان ئەژمار كراون و هیچ كێشەیەكیان تێدا نەبووە، واتە دەنگە پووچەڵەكانی لێ‌ دەركراوە كە ژمارەیان نزیكەی 210 هەزار دەنگە. كۆی دەنگە دروستەكان لەم هەڵبژاردنەدا یەك ملیۆن و 882 هەزار و 448 دەنگ بووە.

دەنگ و كورسییەكانی یەكێتی:

كۆی دەنگە دروستەكانی كوردستان: 1882448
كۆی دەنگەكانی یەكێتی: 409548
ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی: 21.75%
ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی: 23

بازنەی پارێزگای هەولێر

ژمارەی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 669273
ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی: 111102
ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی: 16.60%
ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی: 6

بازنەی پارێزگای سلێمانی:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 626224
ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی: 257359
ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی: 41.09%
ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی: 15

بازنەی پارێزگای دهۆك:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 548015
ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی: 28557
ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی: 5.21%
ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی: 1

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 38936
ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی: 12530
ڕێژەی دەنگەكانی یەكێتی: 32.18%
ژمارەی كورسییەكانی یەكێتی: 1