پەرەگراف
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی بنەماکانی حكومەتی داهاتووی هەرێمی دیاری کرد و دەڵێت: حكومەتی داهاتوو دەبێت لەسەر بنەمای یەك هەرێم، یەك حكومەت، یەك پەرلەمان، یەك هێزی پێشمەرگە بێت.
بارزانی ئەمڕۆ لە هەولێر لە كۆنگرەی پزیشكی میزۆپۆتامیا، وتارێکی پێشکەش کردو تێیدا وتی: رۆژی (20)ی مانگ هەڵبژاردنێكی مێژوویی لە کوردستان كرا، "ئەوەی شانازی پێوە دەكەین ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە لەكەشێكی زۆر ئارام و گونجاودا ئەنجامدراو هیچ گرفتێك روینەدا كە زۆركەس چاوەڕوانی دەكرد".
"دوای تەوابونی هەڵبژاردن كاتی ئەوەیە گفتوگۆ بكرێت لەنێوان هەموو لایەنەكان، پێوەریش شایستەی هەڵبژاردن بێت" بارزانی وای وت.
سەرۆکی پارتی کە حیزبەکەی خاوەنی زۆرترین کورسییە لە پەرلەمانی نوێدا و 39 کورسیی هەیە، وتیشی، حكومەتی داهاتوو دەبێت بەجدی رێگری بكات لەو كارە نایاساییانەی دەكران، "وەكو دروستكردنی كارخانەی مادەی هۆشبەر یان بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر یان تیرۆر و لادانان لە یاسا، دەبێت سنورێك بۆ ئەم شتانە دابنرێت و یاسا سەروەربێت".