هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان برایە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی
پەرەگراف
هێرشو بۆردومانەكانی توركیا بۆسەر خاكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خرایەبەرباس، نیگەرانیی پیشاندراو تەئكید لە چارەسەری كێشەكان بە گفتوگۆ كرایەوە.
لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش كە بە ڤیدیۆ كۆنفرانس بەڕێوەچوو، جێنین بلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق ڕایگەیاند "گرژییەكانی ئەمدواییەی ناوچە سنوورییەكانی عێراق-توركیا جێی نیگەرانییەكی گەورەیە".
بلاسخارت وتیشی "بەردەوامین لەھاندانی ھەردوو وڵات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لەمیانی گفتوگۆ وھاوكارییەكان لەگەڵ ڕێزگرتنی تەواو لە سەروەری نیشتیمانی".
توركیا لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2020ـەوە، ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی دەستپێكردووە بە پاساوی بە ئامانجگرتنی پەكەكە لەناو خاكی هەرێم، سەرەتا بە بۆردومان و دواتر بە هێرشی زەمینی، بە ئێستاشەوە شەڕ لە چەند ناوچەیەكی بادینان لە نێوان جەندرمەی تورك و گەریلاكانی پەكەكەدا بەردەوامە. لەو شەڕەدا، پشكی شێری قوربانیی بەر گوندنشینان دەكەوێت، كە مێژویەكی دورودرێژیان لەگەڵ ئەو نەهامەتییەدا هەیە.
جێنین بلاسخارت، لە درێژەی وتەكانیدا باسی لە پڕۆسەی چاكسازییو ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمو ڕێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغداد كرد.
نوێنەرەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو عێراق ئەوەی خستە ڕوو، گفتوگۆی بنیاتنەر تاكە ڕێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە سەرچاوە سروشتییەكانو بودجە و مافە تایبەتییەكان، وتیشی "ھەردوو لایەن ڕێككەوتنێكی سەرەتاییان ئەنجامداوە، بەتایبەتی ڕێككەوتن لەسەر پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان، كارێكی ئەرێنییە و پێشوازی لێدەكەین".
لەبارەی پڕۆسەی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان، جێنین بلاسخارت ئەوەی خستەڕوو، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێكی لەبارەی قۆناغی دەستپێكردنی چاكسازی و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی كوردستان ئامادەكردووەو تەئكیدی كردەوە كە ئەم هەنگاوە "گرنگییەكی زۆری ھەیە".
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە عێراق كە بڕیارە ناوەڕاستی ساڵی ئایندە ئەنجام بدرێت، بەشێكی دیكەبوو لە وتەكانی بلاسخارت، لەوبارەیەوە وتی"دەبێت كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان پتەو بكرێت و لەژێر فشارە سیاسییە بەردەوامەكان دەرباز بكرێت".