ڕەوتی هەڵوێست داوا دەکات دوای لێکۆڵینەوەو سەلماندنی ساختەکاریی، هەڵبژاردنی پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە

03-11-2024 01:00

 

پەرەگراف

ڕەوتی هەڵوێست تانەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کردو داوا دەکات، دوای لێکۆڵینەوەو سەلماندنی ساختەکاریی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنرێتەوە.

ڕەوتی هەڵوێست لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، لەتانەکەدا بەوردی هەموو بوارەکانی خروقات و ساختەکاری، دەیان لایەنی کێشەی هەڵبژاردنەکان لە ڕوی یاسای و تەکنیکیەوە خراوەتەڕوو.

"بەدەر لە ساختەکاریەکان؛ (٢١٠ هەزار دەنگ ) سوتێندراوە، زیاتر لە (١٠٠ هەزار کەس) بەبیانوی پەنجەمۆر بێبەشکراون لە دەنگدان… تەنیا ئەمە (١٥ کورسی پەرلەمانە) چەندین وردەکاری پەیوەست بە ساختەکاری و پێشێلکارییەکان بۆ دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان ڕوونکراوەتەوە" ڕەوتەکە وادەڵێت.

هەڵوێست دەشڵێت "ڕەوتی هەڵوێست پێشترو لەم سکاڵایەشدا داوای (سۆفتوێری) کردوە بۆ سەلماندنی ساختەکاری و گۆڕینی ئەنجام، بەبیانوی ئەوەی لای کۆمپانیای کۆریە؛ نەدراوە. لەکۆتاییشدا داواکاری رەوتی هەڵوێست، بۆ راستکردنەوەی رێکارەکانی هەڵبژاردن لەکوردستان و عیراقدا باسکراوە، داوای لێکۆڵینەوەی وردی یاسایی و تەکنیکی کردوە… بۆ سەلماندنی ساختەکاری، پاش سەلماندن پێویستە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێنرێتەوە".

بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی پێنجەم براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام خۆی لە ئەنجامەكە ڕازی نییە و چاوەڕوانی دەنگ و كورسیی زۆر لەوە زیاتر بووە. ڕەوتەكە دەڵێت "هەڵبژاردنەكە دیزانكراو بووە، لەسەر حیسابی دەنگی ژمارەیەك لایەن بەتایبەت ڕەوتی هەڵوێست، ساختەكاریی گەورە لە بەرژەوەندیی سێ‌ لایەنی براوە ئەنجام دراوە".

هەڵوێست كە ڕەوتێكی نوێیە و حەوت مانگ بەر لە هەڵبژاردن دامەزرا، لەم هەڵبژاردنەدا بە كۆی گشتی لە هەر چوار پارێزگاكە 56 هەزار و 8 دەنگی بەدەست هێناوە، چوار كورسیی بردووەتەوە، لە سلێمانی دوان و هەولێر و دهۆكیش یەكی یەك كورسی.

هەروەها هەڵوێست لەم هەڵبژاردنەدا نزیكەی 3%ـی كۆی دەنگە دروستەكانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی كوردستان بەدەست هێناوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن.

پەرەگراف بە پشتبەستن بە ژمارەی "دەنگە دروستەكان"ـی هەڵبژاردن كە كۆمیسیۆن ڕایگەیاند، لە شیكارییەكدا وردەكاریی ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێستی نیشتمانی و ڕێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا دەخاتە ڕوو.

دەنگی دروست، مەبەست لەو دەنگانەیە كە بۆ پارت و كاندیدەكان ئەژمار كراون و هیچ كێشەیەكیان تێدا نەبووە، واتە دەنگە پووچەڵەكانی لێ‌ دەركراوە كە ژمارەیان نزیكەی 210 هەزار دەنگە. كۆی دەنگە دروستەكان لەم هەڵبژاردنەدا یەك ملیۆن و 882 هەزار و 448 دەنگ بووە.

دەنگ و كورسییەكانی هەڵوێستی نیشتمانی

كۆی دەنگە دروستەكانی كوردستان: 1882448
كۆی دەنگەكانی هەڵوێست: 56008
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 2.97%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 4

بازنەی پارێزگای هەولێر:

ژمارەی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 669273
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 16871
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 2.52%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 1

بازنەی پارێزگای سلێمانی:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 626224
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 29416
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 4.69%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 2

بازنەی پارێزگای دهۆك:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 548015
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 8438
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 1.53%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 1

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە:

كۆی دەنگە دروستەكانی بازنەكە: 38936
ژمارەی دەنگەكانی هەڵوێست: 1283
ڕێژەی دەنگەكانی هەڵوێست: 3.29%
ژمارەی كورسییەكانی هەڵوێست: 0