کۆمەڵ تانەى پێشکەش کرد؛ داواى 'هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامەکان و دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردن' دەکات

03-11-2024 02:59

پەرەگراف

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان تانەی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێشكەش كرد و بەڵگەكانی ئاراستەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كرد. كۆمەڵ داوای "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەكان و دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن" دەكات و سوورە لەسەر ئەوەی كە "هەڵبژاردن دیزاین كراوە".

بەیانیی ئەمڕۆ 3-11-2024، مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری تانەكەی لە ئۆفیسی سلێمانیی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق تۆمار كرد، كە ئەمڕۆ دواڕۆژە بۆ وەرگرتنی تانەكان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە.

محەمەد جەمال، ئەندامی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری، بە پەرەگرافی وت "دوای وەرگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و وێنەی كارتەكانی دەنگدان بە هارد لە كۆمیسیۆن، چەند ڕۆژێكە بە شەو و ڕۆژ بەدواداچوون بۆ بەڵگەكان دەكەین".

محەمەد جەمال وتیشی "بۆمان دەركەوتووە بەشێك لە دەنگە دروستەكانی كۆمەڵ بە پووچەڵ دانراون، بەشێكیش لە دەنگەكان كە پووچەڵ بوون، بۆ لایەنەكانی دەسەڵات ئەژمار كراون".

وەكوو ئەو ئەندامەی مەكتەبی هەڵبژاردن و ئاماری كۆمەڵی دادگەری دەڵێت، هەموو بەڵگەكانیان كۆكردووەتەوە و لەگەڵ تانەكەیاندا ڕادەستی كۆمیسیۆنیان كردووە. داوای ئەوەیشیان كردووە "دادگا ڕێكاری یاسایی بكات لە بەرانبەر ئەو مامەڵە نادروستەی لەگەڵ دەنگەكانمان كراوە".

"ئێمە ئەو ئەنجامانە ڕەت دەكەینەوە. پێمان وایە ساختەكاریی بەبەرنامە كراوە و هەڵبژاردن دیزاین كراوە"، محەمەد جەمال بۆ پەرەگراف وای وت.

یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكانی كۆمەڵی دادگەری و لایەنە ناڕازییەكانی دیكەش لە كۆمیسیۆن، ئەوەیە كە ئەو سۆفتوێرەی هەڵبژاردنەكەی پێ‌ ئەنجام دراوە، نیشانیان بدرێتەوە، چونكە پێیان وایە لە ڕێگەی ئەو سۆفتوێرەوە یاری بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن كراوە.

ئەندامەكەی مەكتەبی هەڵبژاردنی كۆمەڵ دەڵێت "ڕۆژی 26-10-2024 كە لایەنە ناڕازییەكان لەگەڵ كۆمیسیۆن سەبارەت بە ساختەكاری كۆبووینەوە، نوێنەری كۆمپانیا كۆرییەكە ئامادە نەبوو و سۆفتوێرەكەشمان نیشان نەدرایەوە، بۆیە ئەوە یەكێكە لە داواكارییەكانمان كە ئاراستەی كۆمیسیۆنمان كردووە".

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستاندا سێ‌ كورسیی بەدەست هێناوە، ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەت دەكاتەوە و دەڵێت "هەڵبژاردنەکە دیزاینکراو بووە و بە هاوکاریى دەرەکى ساختەکاریى گەورە بۆ چەند لایەنێک کراوە". بڕیاریشی داوە نەچێتە پەرلەمان، کە ئەمە یەکەم جارە لە هەرێمى کوردستان حیزبێک بڕیار دەدات نەچێتە پەرلەمان.